شارپرێس:
ڕۆژنامەی (مەدا) ئاشكرایكردوه، لهیەکەمین كۆبونهوهى كابینهكهیدا، پێکدادانی توند لهنێوان عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراقو جێگرە نوێیەکانیدا ڕویداوه، دهشڵێت، "یەکێک لەجێگرەکانی بەڕاشکاوی ڕوبەڕوی زهیدیى بوەتەوە و پێیڕاگەیاندوە، حکومەت بەتەنها بەڕێوە مەبە، ئێمە دەستەی سەرۆکایەتین".
بهگوێرهى ئەو زانیارییە تایبەتانەی کە لەلایەن سەرچاوەیەکی ئامادەبوی ناو دانیشتنەکەوە بهڕۆژنامهكه دراوه، یەکەم کۆبونەوەی فەرمیی کابینەی فراوانکراوی حکومەتی عێراق زۆر ئاڵۆز بوەو وەک زەمینەسازییەک بوە بۆ سەپاندنی بنەمای "پشککاریی دەسەڵات" بەسەر سەرۆک وەزیراندا.
سەرچاوەکان باسیان لهوهكردوه، لایەنێکی شیعه لەپشت هاندانی ئەو جێگرە بوە تاوەکو پەیامێکی پێشوەختە بداتە زەیدیی کە دەسەڵات کورت نابێتەوە لەناو نوسینگەکەی خۆیداو دەبێت بڕیارەکان بەکۆدەنگی یان بەزۆرینە بدرێن، بەپێچەوانەی شێوازی کارکردنی پێنج مانگی ڕابردوی.
ڕۆژنامهكه لهزارى سەرکردەیەکی دیاری ناو حزبێکی شیعه، عەلی زەیدیی وەک لاوازترین ئەڵقەی هاوکێشە سیاسییەکە وەسفكردوهو دەڵێت، "هێزە دەستڕۆیشتوەکان وەک سەرۆک وەزیرانێک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن کە دەکرێت بەئاسانی گوشاری بخرێتەسەرو دەسەڵاتەکانی بەرتەسک بکرێتەوە، ئەزمونی داتاشینی پۆستی نوێ ئارەزوی حزبەکانی بۆ پۆستی زیاتر واڵاکردوە، بۆیە سەرەڕای تەواوبونی پشکە باڵاکان، جارێکی دیكه دۆسیەی دیاریکردنی جێگرانی سەرۆک کۆمار گەڕاوەتەوەسەر مێزی دانوستاندنە چڕەکان".
لەگەڕی نوێی دانوستاندنەکاندا، چەندین ناوی بەدیل لەپشکی کوتلەکەی محەممەد شیاع سودانی خراونەتەڕوو بۆ گۆڕینی کاندیدەکانی پێشوو، بۆ نمونه جەبار کنانی، ناوی ئەم پەرلەمانتارەى پێشوى عێراق وەک بەدیلێک لەجیاتی عالیە نەسیف هێنراوەتە پێشهوهو هاوکات ناوی وەک کاندیدی بەدیل لەجیاتی فالح فەیاز بۆ پۆستی جێگری سەرۆک کۆماریش پێشنیازکراوە، ههروهها خالید بەتال ناوی وەزیری پێشوی پیشەسازیی بەفەرمی وەک کاندیدی بەدیل لەجیاتی محەمەد حەلبوسی (سهرۆكى هاوپەیمانیی تەقەدوم) بۆ وەرگرتنی پۆستێکی باڵا خراوەتەڕوو.
ئەم ململانێو بازرگانییە سیاسییە لەسەر پۆستەکان لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت، مەرجەعییەتی باڵای نەجەف بەتەواوی ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بەزیادکردنی پۆستە کارگێڕییە بێسودەکان دەربڕیوە، سەرچاوەكه جەختیكردوهتهوه، هێزە شیعییەکان لەناو "خەیاڵاتو خەونێکی پەمەییدا" دەژین، لەکاتێکدا شەقامی عێراقیى بەهۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی بێکاریی، کێشەی بازاڕ بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلارو ئەگەری پەنابردنی حکومەت بۆ وەرگرتنی قەرزی قورس، لەناو شەپۆلێکی قورسی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیدان.
