شارپرێس:
ڕێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەكکە كە لەڕیازی پایتەختی سعودیە، لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاو شاباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستانەوە واژۆکرا، ئەمڕۆ ناوەڕۆكەكەی بڵاوكرایەوە.
ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە بریتییە لەم ماددانە
ماددەی یەکەم؛ لایەنەکان هاوکاریی یەکتر دەکەن بۆ پاراستنی سەربەخۆیی، سەروەری، یەکپارچەیی خاک و نەبەزاندنی سنورە نێودەوڵەتییەکانی یەکتری. لە ئەگەری هەڕەشەکردن یان کەوتنە مەترسیی یەکپارچەیی خاک، سەروەری و سنورە نێودەوڵەتییەکانی هەر یەکێک لەلایەنەکان، سێ لایەنەکە هەموو شێوازە پێویستەکان بەکاردەهێنن، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە.
ماددەی دووم؛ هەر هێرشێکی چەکداریی دەرەکی بۆ سەر هەر یەکێک لە لایەنەکان، وەک هێرش بۆ سەر تەواوی لایەنەکان دادەنرێت. ئەگەر هەر یەکێک لە لایەنەکان کەوتنە بەردەم هێرشێکی چەکداری یان دەستدرێژییەکی سەربازی لەلایەن وڵات یان کۆمەڵە وڵاتێکی دیکەوە، لایەنەکان دەستبەجێ تەواوی تواناکانی هاوکاریی هاوبەش پێشکەشی یەکتر دەکەن و یارمەتی ئەو لایەنە دەدەن، کە هێرشی کراوەتە سەر. بۆ ئەوەش سود لەماددەی ٥١ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان وەردەگرن، کە مافی خۆپارێزیی دابین دەکات. پاش هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە بۆ هاوکارییە پێویستەکان، بڕیار لەسەر قەبارە و جۆری ئەو پاڵپشتییە دەدرێت، کە پێشکەش دەکرێت.
ماددەی سێیەم؛ لایەنەکان بەگوێرەی ماددەی ٢ـی ئەم ڕێککەوتنە، هاوکاریی نزیک لە بوارەکانی بەرگری، پیشەسازیی بەرگری و ئاسایشدا دەکەن. پەیوەندییەکانی نێوان هێزە چەکدارەکانیان گەشە پێدەدەن و ئەو چالاکییە هاوبەشانە جێبەجێ دەکەن، کە لەسەری ڕێککەوتوون بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە بواری بەرگری.
ماددەی چوارەم؛ لایەنەکان بە بەردەوامی ڕاوێژ لەسەر پرسەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن و بە شێوازێکی بەردەوام و کاریگەر هاوکاریی یەکتر دەکەن، ئەوەش لەپێناو بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەییان.
ماددەی پێنجەم؛ لایەنەکان هاوکارییەکانی ئێستا و هەوڵە هاوبەشەکانیان بەهێزتر دەکەن، لە ئاستی ئۆپراسیۆن و شەڕی دژی تیرۆر بە هەموو جۆر و شێوازەکانییەوە، کە کاریگەریی نەرێنی دەکەنە سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
ماددەی شەشەم؛ لە کاتی شەڕ و ئاشتیدا، بە مەبەستی پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری، لایەنەکان هانی ئاڵوگۆڕی کارمەندان لە نێوان دامەزراوە بەرگرییەکان، بەرنامەکانی ڕاهێنانی هاوبەش و ئۆپراسیۆنەکان دەدەن، لەگەڵ جێگیرکردنی هێز و ئەو چالاکییانەی کە ئامانجیان زیادکردنی توانای کارکردنی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی هەرسێ لایەنە.
ماددەی حەوتەم؛ بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری، لایەنەکان لەسەر بنەمای ڕەزامەندیی هاوبەش، پشتگیری لە هاوبەشیکردنی تەکنەلۆجیا، پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای هاوبەش، بەرهەمهێنانی هاوبەش و هاوکاری نێوان دامەزراوەکانی پیشەسازیی بەرگری دەکەن، لەم بوارانەی خوارەوەدا؛
ماددەی هەشتەم؛ لایەنە سەرەکییەکان بە مەبەستی پێدانی ئاڕاستەی ستراتیجی بۆ بەرگری هاوبەش، کار دەکەن لەپێناو گەشەپێدانی هاوکاریی بەرگری، ئاسایشی نێوان لایەنەکان و چارەسەرکردنی ئەو ڕێگرییانەی کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنامەیەدا دێنە پێشەوە. هاوکات لیژنەی ستراتیجی سیاسی و بەرگری دادەمەزرێنن، کە پێکهاتووە لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای لایەنەکان. لیژنەکە ساڵی دوو جار بە شێوازی نۆرە و میوانداریکردنی گۆڕاو لە نێوان لایەنەکاندا کۆدەبێتەوە. سەرکردەکانی لایەنەکان لە کاتی پێویستدا دەتوانن ساڵی جارێک کۆببنەوە.
ماددەی نۆیەم؛ بەمەبەستی قووڵکردنەوەی هاوکارییەکان لە بواری هەواڵگری و دابینکردنی هەماهەنگی پێویست لەم بوارەدا، لایەنەکان بە ڕەچاوکردنی ئاسایش و پاراستنی زانیاری و نهێنییەکان، لە ڕێگەی کەناڵە پارێزراوەکانی ڕێککەوتنەکەوە، زانیاری هەواڵگری ئاڵوگۆڕ دەکەن.
ماددەی دەیەم؛ لایەنەکان بەگوێرەی بەردەستبوون و گونجانی خزمەتگوزارییەکانی پاڵپشتی لۆجستی، لە کاتی ئاشتی، شەڕ و بارودۆخە نائاساییەکانی دیکەدا، پاڵپشتی لۆجستی پێشکەشی یەکتر دەکەن، بە چەک، تەقەمەنی، سووتەمەنی، پارچەی یەدەگ و کەلوپەلی دیکەشەوە.
ماددەی یانزە؛ بەبێ پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسا ناوخۆییە پەیوەندیدارەکانی لایەنەکان، هەرسێ لایەنەکە ئەم ڕێککەوتنە وەک بنەمایەکی یاسایی بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە قبوڵ دەکەن و لە کاتی پێویستدا پێشنیازی ڕێوشوێنی یاسایی زیاتر دەکەن.
ماددەی دوانزە؛ ئەم ڕێککەوتنە زیان بەو ماف و پابەندبوونانە ناگەیەنێت، کە لە ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییانەی پێشوو سەرچاوەیان گرتووە و لایەنەکان واژۆیان کردووە.
ماددەی سیانزە؛ لایەنەکان پابەند دەبن بە پاراستنی نهێنیی ئەو زانیاری و بەڵگەنامە نهێنیانەی، لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا بەدەستیدەهێنن و ڕێز لە یاسا نیشتمانییەکان دەگرن.
زانیاری و بەڵگەنامە نهێنییەکان لەگەڵ هیچ دەوڵەت، کۆمپانیا یان کەسێکی دەرەوەی لایەنەکان هاوبەش ناکرێت.
ماددەی چواردە؛ هەر ناکۆکییەک کە لە لێکدانەوە یان جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنامەیەوە سەرچاوە بگرێت، بە شێوازێکی دۆستانە لە ڕێگەی ڕاوێژ و گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت.
ماددەی پانزە؛ ئەم ڕێککەوتنە دەکرێت لە ڕێگەی ڕاوێژ و کۆدەنگی نێوان لایەنە سەرەکییەکانەوە هەموار بکرێتەوە.
ماددەی شانزە؛ ئەم ڕێککەوتنە بەگوێرەی ئەو ڕێوشوێنانەی کە هەر لایەنێک پێوەی پابەندە پەسەند دەکرێت و لەو کاتەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تێیدا دوایین بەڵگەنامەی پەسەندکردن ڕادەستی سکرتاریەتی لیژنەی ستراتیجی سیاسی و بەرگری دەکرێت.
