شارپرێس:
لقی سلێمانی سەندیکای
ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و ڕێکخراوی روناکبیری ژنان تۆمەتبارکردنی دوو کچە
رۆژنامەنوس بەهۆکاری کوشتنی کچێک سەرکۆنە دەکات، دەشڵێت،" تا لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس بەردەوام بن،
تۆمەتبارکردنی هەر کەسێک بنەمای یاسایی نابێت".
لقی سلێمانی سەندیکای
ڕۆژنامەنوسان و ڕێکخراوی روناکبیری ژنان لەڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان
بەوەکرد،" وێڕای سەرکۆنە و نیگەرانی توندمان بۆ کوشتنی کچێک بە ناوی (ک ب) ،
بەتوندیی ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین بۆ ئەو رەفتارە نەشیاو و نەگونجاوەی لە ھەندێک
میدیای نابەرپرس و سێبەرەوە کران بەگوێنەدان بە رێکاریی یاسایی و بڕیاری کۆتایی لایەنە
بەرپرسەکانی ناوخۆی شاری سلێمانیەوە".
لە ڕاگەیەنراوەکەدا
ئەوەش خراوەتەڕوو،" ئەم ھەڵسوکەوتەی کە ئەمڕۆ ئەو میدیایانە نواندیان، دەچێتە خانەی ناشیرینکردن
و ناوزڕاندنی کچانی میدیاکارو ناوبانگی شاری سلێمانیەوە، یاساو دەزگا یاساییەکان
تاکە لایەنن کە لەچوارچێوەی کارو پیشەی رۆژانەی خۆیان بۆیان ھەیە ھەر کەیسێک یەکلا
بکەنەوە نەوەک پەیجە سێبەرەکان کە لێرەو لەوێ کار بۆ تێکدانی رەوتی دادگاو دادگایی
لە شارەکەماندا دەکەن ".
لقی سلێمانی سەندیکای
ڕۆژنامەنوسان و ڕێکخراوی روناکبیری ژنان دەڵێن،" بەپێی راستیی (تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەو کاتەی دادگا بڕیاری
کۆتایی دەدات)، لە ژنان و رۆژنامەنوسانی خۆمان دەڕوانین و کار یش بۆ سزادان و ئاشکراکردنی ئەو دەستانە دەکەین،
کە لەبۆسەی غەدر و ناوزڕاندنی شارەکەمان و کچان و ژنانی شارەکەدان".
لەڕاگەیەنراوەکەدا
ئەوەش هاتوە،" بڕیاری سەرەتا و کۆتایی بۆ یاسا و لایەنە یاساییەکانە..داوای
داخستنی ئەو پەیجە ترسنۆکانەش دەکەین کەلە بۆسەدان و دەیانەوێت فرسەتی تۆمەتبار
کردنی ژنان بقۆزنەوە ".
راشیدەگەیەنن،"
تا لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس بەردەوام بن، تۆمەتبار کردنی هەر کەسێک بنەمای یاسایی نابێت ".
