شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێركاری لەوەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت، لێبڕینی 3%ی موچەی فەرمانبەران بەهۆی قەرزی سندوقی خانەنشینییەوەیەو پەیوەندی بەحكومەتی هەرێمەوە نیەو بەغدا مانگانە 26 ملیار دینار دەبڕێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێركاری لەوەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاندوە، بەگوێرەی یاسای ژمارە نۆی خانەنشینیی یەكگرتوی عێراق، لێبڕینی خانەنشینی 25%ـە كە 15%ـی لەسەر حكومەت و 10%ـی لەسەر فەرمانبەرە، بەڵام هەرێم پێشتر تەنها 7%ی لێبڕیوە، بۆیە دوای جێبەجێكردنی یاسا نوێیەكە لەهەرێم بڕیاردرا هەموو فەرمانبەران و خانەنشینان ئەو جیاوازییە كە بۆ ماوەی 10 ساڵ وەك قەرز هەژمار كرابوو بدەنەوە بەحكومەتی فیدراڵ كە بریتییە لە 3%".
ئەوەش ڕوندەكاتەوە، كە بەو یاسایە لەناوەڕاستی ساڵی ڕابردوەوە بەغدا مانگانە زیاتر لە 26 ملیار دینار لەتەمویلی موچەی هەرێم دەبڕێت كە دەبوو ڕەوانەی سندوقی خانەنشینیی عێراقی بكات.
دەشڵێت، وەزارەت لە 3ی مانگی (حوزەیران/6)ی 2025دا ڕونكردنەوەی تەواوی داوە و پێویست نەبو ئۆباڵی كەمتەرخەمیی بەغدا بخرێتە ئەستۆی هەرێم.
لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، كەوەزارەتی دارایی و دور و نزیك پەیوەندییان بەو پارەیەوە نییە كە مانگانە 26 ملیار دینار لەتەمویلی موچە دەبڕدرێت و دەشڵێت، ئەگەر دكتۆر ڕێبوار مەبەستیەتی دەتوانێت لەدادگا سكاڵا لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ تۆمار بكات، نەك هەروەك كردویەتی بەپیشە هەمیشە هەرێم تاوانبار بكات و جەختیش دەكاتەوە، كە نەدەبوو بەو پێیەی خۆی بەخەمخۆری خەڵك دەزانێت، لەو بابەتە بێ ئاگابێت.
