وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئەگەری ڕێککەوتن لەچەند ڕۆژی داهاتودا هەیە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 434 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ماوەی ڕابردوودا، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بە گریمانەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کرد.

 
بەقایی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند کە "بنەمای دیپلۆماسیی لەگەڵ ئەمریکا پشت بە پێشنیاری حەوت هەنگاویی ئێران دەبەستێت". هەروەک وتی: "پێشنیارەکە کورتکراوەتەوە و جێبەجێکردنی لە ماوەی دوو ڕۆژدا کراوەتە شتێکی ڕێتێچوو".

بەڵام واشنتۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵ دەدات هەر ڕێڕەوێکی دیپلۆماسیی تێکبدات. وتیشی: "واشنتۆن تا ئێستا سەلماندوویەتی کە کار بۆ تێکدانی هەر ڕێڕەوێکی دیپلۆماسیی دەکات".

لە لایەکی دیکەوە، وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران داواکارییەکانی بە ڕوونی خستۆتەڕوو و پێیوایە کە "ئێستا تۆپەکە لە یاریگای واشنتۆندایە".

بەقایی جەختی کردەوە کە ئاڵوگۆڕی نامە لە نێوان لایەنی ئەمریکی و ئێرانیدا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامە. ئاشکرایشی کرد کە مەجید غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ ئاسانکاریی ئەم پڕۆسەیە سەردانی دەوحەی کردووە و داوای لە ئەمریکا کرد بڕیاری خۆی بدات.

لە کۆتاییدا، جەختی کردەوە کە ئێران "ئەگەر واشنتۆن داواکارییەکانی قبووڵ بکات، ئامادەیە لە ماوەی دوو ڕۆژدا گەرووی هورمز بکاتەوە".

لە هەمان کاتدا، بەرپرسیارێکی ئاگادار بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە شاندی دانوساندنکاریی ئێران دوێنێ یەکشەممە، بەبێ ئەوەی لە دۆسیەی دانوساندنەکاندا کێشەیەک ڕووبدات، دەوحەی بەجێهێشتووە.

ئاماژەیشی بەوە کرد کە ڕەشنووسی پێشنیارێک خراوەتە گەڕ بۆ وەرگرتنی تێبینییەکان لەبارەیەوە، لەگەڵ گریمانەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ بەدواداچوون.