تاکەر کارڵسۆن: ئەمریکا لەژێر گوشاری ئیسرائیل بەچەکی ئەتۆم لەپێگەی ئەتۆمیی کێوی قوڵین دەدات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 505 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکان و بڵاوبوونەوەی زانیارییە درزەپێکراوەکان دەربارەی ئەگەری هێرشێکی نوێی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، تاکەر کارڵسۆن، ڕۆژنامەنووسی ناسراوی ئەمریکی، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕۆژانی داهاتوودا بە پاڵپشتیی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هێرشێکی ئەتۆمی بۆ سەر پێگەیەک لە ئێران ئەنجام بدات.

کارڵسۆن ئەمڕۆ دووشەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "بە پاڵپشتیی نەتانیاهۆ، لەوانەیە ئیدارەی ترەمپ لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا هێرشێکی ئەتۆمیی بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات". ئاماژەی بەوەش داوە کە ئامانجی گریمانکراوی هێرشەکە چیای قوڵینگە، شوێنێک کە هەواڵگریی ئیسرائیل پێی وایە تاران لەوانەیە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا دەستپێکردبێتەوە.

ئەم ڕۆژنامەنووسە، کە پێشتر یەکێک لە گەورەترین پشتیوانانی ترەمپ بوو، جەختی لەوەش کردۆتەوە کە هیچ چەکێک توانای بڕینی ئەو پێگەیەی نییە؛ شوێنێک کە لە قوڵایی نزیکەی 100 مەترە، بە بۆچوونی ئەو، ئەمە وای کردووە "هێرشی ئەتۆمی تەنیا هەڵبژاردەی بەردەست بێت".

کارڵسۆن ئاماژەی بەوەش داوە کە نەتانیاهۆ بەهۆی دۆخی سیاسیی ناسەقامگیرەوە، کە دوای دوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە ئیسرائیل دروست بووە، لەسەر ئەم هەڵبژاردەیە پێداگری دەکات.

لە هەمان کاتدا، بە پێی قسەکانی کارڵسۆن، ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەم هێرشە گریمانکراوەوە نەداوە و ئێستا لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی، لەوانە جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، و ستێڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی، ڕاوێژ دەکات. ئەو دوو بەرپرسە هێشتا زیاتر لەگەڵ هەڵبژاردەی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی ئێرانین.