شارپرێس:
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی بەپەلەی ماڵپەڕی ئەکسیۆسـی ئەمریکی، ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا هۆشدارییە ئەمنییەکانی بۆ هاوڵاتییانی خۆی لەپێنج ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێکردوهتهوه، ئەمەش لەدوای هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی ڕابردوی ئەمریکا بۆسەر دورگەی "قشم"ـی ئێرانو بونی مەترسیی توند لەسەر وەڵامدانەوەی سەربازیی کتوپڕ لەلایەن تارانەوە.
ئەمریکا هۆشداریی فەرمیی لەوڵاتانی (ئیسرائیل، سعودیه، ئیمارات، قەتەرو بەحرهین) ڕاگهیاندوهو داوای لەهاوڵاتییانی کردوە، لەبەرزترین ئاستی وریاییدابن.
ئەم ڕێکارە بەپەلەیەی واشنتۆن دوای گەیشتنی یاداشتێکی هەواڵگریی تایبەت دێت بۆسەر مێزی مارک ڕوبیۆی وەزیری دەرەوە کە تێیدا هۆشداریدراوە لەبونی پلانێکی "پێشکەوتوو"ی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسانو دیپلۆماتکارانی ئەمریکی لەدەرەوەی وڵات.
لەهۆشدارییەکەدا داوا لەئەمریکییەکان کراوە، خۆیان لەكۆبونهوه جهماوهرییهكانو شوێنه قهرهباڵغهكانیش بەدوربگرنو ئامادەکاریی تەواوبکەن بۆ ئەگەری تێکچونی خشتەی گەشتە ئاسمانییەکانو داخرانی کتوپڕی ئاسمانی ناوچەکە بەهۆی تەشەنەسەندنی خێرای ململانێ سەربازییەکان لەدوای بۆردومانکردنی دورگەی قشم.
