پزیشکان بە ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی کلینیکیی نوێ بۆ چارەسەری شێرپەنجەی پانکریاس دڵخۆش بوون، کە تێیدا تێکەڵەیەکی دەرمانیی نوێ توانیویەتی قەبارەی گرێ شێرپەنجەییەکان کەم بکاتەوە، تەنانەت لە هەندێک نەخۆشدا بە تەواوی ون بوون.
پێشتر دامەزراوە تەندرووستییەکانی ئەمریکا ڕەزامەندییان لەسەر بەکارهێنانی ئەم دەرمانە وەک چارەسەرییەکی ڕۆژانە دەرکردبوو، چونکە توێژینەوەکان نیشانیان دابوو ناوەندی ماوەی ژیانی نەخۆشان لە 6.7 مانگەوە بۆ 13.2 مانگ زیاد دەکات، بەڵام ئەو کاتەش وەک چارەسەرییەکی کۆتایی نەخۆشییەکە نەدەژمێردرا.
بەپێی ئەنجامی توێژینەوەکە، کە لە کۆڕبەندی ڕێکخراوی ئەورووپیی توێژینەوە و چارەسەریی شێرپەنجە لە بارسێلۆنا پێشکەش کرا، گرێ شێرپەنجەییەکان لە زیاتر لە 60%ی نەخۆشانی وەرگری دەرمانە تێکەڵەکەدا بچووک بوونەوە یان ون بوون، لە کاتێکدا لە هەر 12 نەخۆشێکدا گرێکان بە تەواوی لەناوچوون. هەروەک گەشەی گرێکان لە 55 نەخۆش لە کۆی 61 نەخۆشدا ڕاوەستا.
دوای ساڵێک لە چارەسەرییەکە، 76.6%ی نەخۆشەکان زیندوو مابوونەوە، بەرانبەر بە 45% لەو نەخۆشانەی تەنیا چارەسەریی ستانداردیان وەرگرتبوو.
دکتۆر وۆنگی پارک، پسپۆڕی شێرپەنجە لە نیویۆرک، ئەنجامەکانی بە "دەستکەوتێکی زۆر گەورە" وەسف کرد، بەڵام توێژەران جەختیان کردۆتەوە کە پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت، چونکە شێرپەنجە دەتوانێت بەرگریی لە دەرمان درووست بکات.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
