شارپرێس:
گرژییەکان لەنێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکاندا، بەرەو هەڵکشانی زیاتر دەچن، بەتایبەتیی دوای بڕیاری دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەی زانکۆیی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئیستانبووڵ، کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە دەستگیرکراوە.
ئەم بڕیارە ڕێگری لە بەشداریی ئیمام ئۆغڵوو لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی تورکیا دەکات.
لە ماوەی ڕابردوودا، دەسەڵاتی تورکیا بەردەوام بووە لە دەستگیرکردنی چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆن، شارەداران و ڕۆژنامەنووسان. ئۆپۆزسیۆن بانگەشەی ئەوە دەکات کە حکومەت فشار بۆ سەرۆکشارەوانییەکان دەهێنێت بۆ ئەوەی یان پەیوەندیی بە پارتی داد و گەشەپێدانەوە بکەن، یان ڕووبەڕووی زیندان و کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە ببنەوە.
فشارەکان تەنیا لە بواری سیاسییدا نەماونەتەوە، بەڵکو میدیاشی گرتۆتەوە؛ دوایین هەنگاویش داخستنی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئۆپۆزسیۆنی "سۆزجو تیڤی" بوو، پێشتر دوو کەناڵی تریش کە بە ئۆپۆزسیۆنەوە هەژمار دەکران، داخراون.
ئۆپۆزسیۆن هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەی ئیمام ئۆغڵووی بە بڕیارێکی سیاسی دەزانێت، نەک یاسایی، کە ئامانجی ڕێگریکردنە لە بەربژێریی ئەو، وەک بەهێزترین ڕکابەری ئەردۆغان. هەروەک، حوکمی زیندانی دوو ساڵ و یەک مانگیش بەسەر ئیمام ئۆغڵوودا سەپێنراوە، کە بە پێی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن، ئامانجی لێ سەندنەوەی مافە سیاسییەکانییەتی.
لە لایەکی دیکەوە، ئەم گرژییانە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی چارەسەریی ئاشتییانەی کێشەی کوردیش هەبووە. ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ و گەورەترین پارتە ئۆپۆزسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا، ڕایگەیاندووە کە پارتەکەی بەشداری لە لیژنەی پەرلەمانیی چاودێریی پرۆسەی داماڵینی چەکی پەکەکە ناکات.
ئۆزەل هۆکاری ئەم بڕیارەی بە پابەندنەبوونی حکومەت و ئەردۆغان بە بەڵێنەکانیان لەبارەی بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسییەوە گەڕاندۆتەوە. ناوبراو جەختی کردۆتەوە کە ئەم هەڵوێستە بە مانای دژایەتیکردنی چارەسەریی ئاشتییانەی کێشەی کورد نییە، بەڵکو ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی پرۆسەی ئاشتییە بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ئەردۆغان، بەتایبەتیی هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی دەستوور و بەربژێریی خولی داهاتووی سەرۆکایەتی.
لە بەرانبەردا، پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) نیگەرانی هەڵوێستی ئۆزەل بووە و داوای لێکردووە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات و ڕۆڵێکی بنیاتنەرانە لە پشتگیریکردنی پرۆسەی ئاشتیی و چارەسەریی دیموکراتیانەی کێشەی کورددا بگێڕێت.
ئەردۆغانیش ڕەخنەی توندی لە کشانەوەی ئۆپۆزسیۆن گرتووە و پرۆسەی ئاشتیی بە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی دەوڵەتی تورکیا ناوبردووە، کە ئامانجی چارەسەریی کێشەی کورد و کۆتاییهێنانە بە قۆناغێک کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە.
بەم شێوەیە، زیادبوونی فشارە سیاسییەکان لە تورکیا، پرسیار لەبارەی داهاتووی پرۆسەی ئاشتیی لەگەڵ کوردەکان و ئاستی پابەندبوونی حکومەت بە بەڵێنە دیموکراتییەکانی دروستکردووە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی