بەغدا دەستپێشخەرییەکی نوێ رادەگەیەنێت؛ هەفتەی داهاتوو کۆبونەوەیەکی گرنگ بەڕێوەدەچێت

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4000 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، هەریەک لە سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رەزامەندبون لەسەر پێشنیارێکی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بۆ ئەوەی لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتودا کۆبونەوەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستور بەڕێوەبچێت.


ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بەشداری لە کۆبونەوەیەکی هەرچوار سەرۆکایەتی عێراق کرد، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆشکی بەغدا بە ئامادەبونی نزار ئامێدی سەرۆک کۆمار، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران و هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو ".

ئەوەشیخستەڕوو،" لەکۆبونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتوێکران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری جەختیکردەوە لەسەر رێزگرتنی جێبەجێکردنی دەستور، لەکاتی بونی هەر ناکۆکییەکیش لەسەر دەقە یاساییەکاندا، دەبێت پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی ببرێت ".

بەپێی راگەیەنراوەکە، سەرجەم ئامادەبوان رەزامەند بون لەسەر پێشنیارێکی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک بۆ گفتوگۆی نیشتیمانی لە 1 / 12 / 2026، بەجۆرێک کە بە ئامادەبونی سەرۆکی هەرچوار سەرۆکایەتییە میوانداری لایەنە ناکۆکەکان بکرێت، یاخود هەر لایەنێکی دیکەی هاوکار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە دەستورییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ.