ناوەرۆكی كۆبوونەوەی چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق ئاشكراكرا

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 186 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

 ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق ڕێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی نیشتمانی، بە سەرپەرشتی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، فایەق زەیدان لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەم بە بەشداری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەستوری بۆ قەیرانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

سەرۆكایەتی كۆماری كۆمار لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا كە بە ئامادەبوونی نزار ئامێدی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری بەڕێوەچوو، پێشوازییان لە دەستپێشخەریی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كرد بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لە ١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٦، بە بەشداری چوار سەرۆكایەتییەكە و بەشداریی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان یان هەر لایەنێكی پشتیوان، بە ئامانجی چارەسەركردنی قەیرانەكە بەپێی دەستوور.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئامادەبووان جەختیان لە گرنگی خێراكردنی پەسەندكردنی بودجەی گشتی و بەردەوامی گفتوگۆكردن لەسەری كردەوە بەشێوەیەك گەرەنتیكردنی مافی سەرجەم پارێزگاكان و بەرژەوەندی هاوڵاتیان بكات، بەگوێرەی شایستە دەستووری و یاساییەكان و ئەولەویەتەكانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان.

لای خۆیەوە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دۆخی گشتی وڵات و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان كرا. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئامادەبووان جەختیان لەسەر پێویستی پەسەندكردنی بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٧ و داهاتی پارێزگاكان و هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانیان بۆ پشتگیریكردنی ئابووری نیشتمانی و جێبەجێكردنی پێداویستییەكانی گەشەپێدان كردەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا دەستخۆشی لەو ڕێوشوێنانەی حكومەت كراوە كە لە جورف ئەلسەخر گیراوەتەبەر و جەخت لەسەر گرنگی هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری. هەروەها تیشكی خستە سەر پێویستی پشتیوانیكردن لە ڕێوشوێنەكانی دژە گەندەڵی و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی نەوت و بەرهەمە نەوتییەكان و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لەوانەی پەیوەندیدارن بەپێی یاسا.