داعش بەرادیۆكەی یەكێتی دەنگی خۆی دەگەیەنێتە هەرێمی كوردستان

عیراق

15/06/2016‌ 3432 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رادیۆی دەنگی موسڵی یەكێتی نشتیمانی كوردستان ئێستا لەدەست داعشەو ناوەكەیان كردووتە رادیۆی بەیان.

بەپێی راپۆرتێكی دەنگی ئەمریكا، ئەم رادیۆیە پەخشی دەگاتە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان‌و رۆژانە‌ هەواڵ‌و بەرنامەی جۆراوجۆرو سرودی ئاینی پەخش دەكەن.

بەرپرسانی ئیداری هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنن چەندین جار تەشویشمان خستووتە سەر رادیۆی بەیانی داعش، بەڵام فرێكوێنسی ماوە ماوە دەگوڕ‌و بەم هۆیەوە جارێكی تر پەخشەكەیان دەكرێتەوە.

غەیاس سورچی وتەبێژی مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەموسڵ‌و بەرپرسی پێشووی ئەو رادیۆیە رایگەیاند "ئەو رادیۆیە، كە ئێستا داعش پەخشی گەیاندووتە هەرێمی كوردستان پێش هاتنی داعش ناوی رادیۆی دەنگی موسڵی یەكێتی نشتیمانی كوردستان بوو، بەڵام داعش هات‌و شەڕ دروست بوو ناوی گۆڕدراوەو بۆ رادیۆی بەیان".

لای خۆیشییەوە، سەعید مەمو زینی كارگێری لقی چواردەی موسڵ لەبارەی ئەو رادیۆیەوە رایگەیانووە، سەرەتا رادیۆی بەیانی داعش پەخشی بەهێز بوو، بەڵام بەم كۆتاییی تەشویش خراوەتە سەری‌و لاوازبووەو پەخشەكەی دەگاتە چەند ناوچەیەكی كوردستان.

رادیۆكەی داعش بەچەند زمانێك بەخش دەكات‌و لەوانە زمانەكانی فەرەنسی‌و ئینگلیزی‌و عەرەبی‌و كوردی‌و ئەلمانی‌و چەند زمانێكی تر، كە رێژەیان گەیشتووتە‌ 10 زمان .

هەروەها وتەبێژی مەڵبەندی یەكێتی راشیگەیاندووە، رۆژانە متابعەی رادیۆی بەیان دەكەن، كە تەنیا بەسێ زمان پەخش دەكرێت ئەوانیش زمانەكانی كوردی‌و عەرەبی‌و توركمانییە، زمانی كوردی هەردوو زاراوەی كرمانجی‌و سۆرانی هەیە پێشكەشكاری كرمانجی بەلەهجەكەی خەڵكی ناوچەی هەكارییە لەباكووری كوردستان‌و سۆرانییەكەش بەلەهجەی سلیمانی قسەدەكات.

داعش لەڕێگای رادیۆی بەیان‌و بڵاوكراوەیەك، كە رۆژانە بەسەر خەڵكی موسڵ دابەش دەكرێت پەیامەكانیان بەخەڵكی موسڵ‌و ناوچەكانی ژێر دەسهەڵاتی خوی‌و هەرێمی كوردستان‌و عێراق دەگەیەنێت، كە لەبەرانبەردا لەهەرێمی كوردستانیشەوە رادیۆیەك دامەزراوە بەناوی رادیۆی ئەلغەد، كە تایبەت كراوە بۆ خەڵكی موسڵ‌و ناوچەكانی ژێر دەستی داعش‌و خەڵك لەناو موسڵ پەیوەندی بەو رادیۆیەوە دەكەن‌و باسی ژیان‌و گوزەرانیان دەكەن‌و داعشیش بەردەوام لەڕێگای بەرنامە راستەوخوكانی ئەم رادیۆیەوە هەڕەشەی كوشتن‌و سەربڕین لەكارمەندانی رادیۆكە دەكەن.

هــ . ح