محەمەد تۆفیق رەحیم: پێناچێت ریفراندۆم ئەنجامبدرێت

کوردستان

10/06/2017‌ 3774 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد تۆفیق رەحیم هەڵسوڕاوی باڵای گۆڕان، رایگەیاند پێناچێت ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت.

ئەو لێدوانەی محەمەد تۆفیق رەحیم لەمیانی لێدوانێكی بوو بۆ راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوەش دوای ئەوەی پرسیاری ئەوەی لێكرا، لەبارەی ریفراندۆمەوە هەڵوێستیان چییە، كە تەنیا بەو رستەیە وەڵامی پرسیارەكەی دایەوە.

محەمەد تۆفیق، كە هاوكات بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕانە راشیگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر بەرنامەو پرۆگرامەكانی بەردەوامدەبێت، ئەویش دروستكردنی سیستەمێكی سیاسی باشە بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان جەختیشیكردەوە، سیستەمی سیاسی هەرێم شێوازی بەرێوەبەردنی باش نەبووە، بۆیە كار بۆ ئەوە دەكەین سیستەمێكی باش بێتە ئاراوەو ناوچە دابڕێنراوەكانیش بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.

قسەكانی محەمەد تۆفیق رەحیم لەكاتێكدایە رۆژی چوار شەممەی رابردوو مەسعود بارزانی لەگەڵ لایەنەسیاسییەكانی هەرێم كۆبووەوەو تێدا رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان دیاریكرد، كە بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەكەی بایكۆت كرد.

هـ ـ ح