هەدەپە پشتگیری ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكات

کوردستان

15/06/2017‌ 1127 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عوسمان بایدەمیر وتەبێژی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە رایگەیاند، پشتگیری ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی دەكەن.

عوسمان بایدەمیر لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند، سەرەڕای ئەوەی پشتگیری ریفراندۆمی هەرێم دەكەین، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان ئەو پرۆسەیە بكەنە دەرفەتێك بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی خۆیان.

وتەبێژی هەدەپە جەختیشیكردەوە، كە دروستبوونی هەر قەوارەیەكی كوردی لەناوچەكە، نابێتە مەترسی بۆ سەر دەوڵەتانی تورك‌و فارس‌و عەرەب، بۆیە "نابێت دژایەتی پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەن".

ئەم لێدوانە لەكاتێكدایە، كە رۆژی 7 ئەم مانگە مەسعود بارزانی‌و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كۆبوونەوەو لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاریاندا رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێم ئەنجامبدەن.

بایدەمیر ئاواتی ئەوەشی خواست، كە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی لەباشووری كوردستان ببێتە نموونەیەكی باش بۆ ناوچەكەو هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و جەختی لەوەش كردەوە، كە دەبێت هەموو لایەك پشتگیری بكات.

هـ ـ ح