شارپرێس:
ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت دەركردنی فەرمانی ژمارە ( 106 ) تایبەت بە راپرسی و مومارەسەكردنی دەسەڵاتی یاسادانان لەلایەن بارزانییەوە، دەستدرێژی كردنێكی ئاشكرایە بۆ سەر تایبەتمەندیەكانی پەرلەمان و پێچەوانەی كۆی سیستمی یاسایی كارپێكراوە.
لەراگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ شارپرێس نێردراوە ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندوە" هەموتان دەزانن پۆستی سەرۆكی هەرێم لە رێككەوتی (20/ 8/ 2015) روبەروی گرفتی یاسایی بۆتەوە، چونكە دەبو پێش ئەو وادەیە ئاڵوگۆڕ لەوپۆستەدا بكرایە، بەڵام بەداخەوە، لەو بەروارەدا دور لە هەمو رێكارە دیموكراسی ومەدەنیەكان، یاسا كارپێكراوەكان كە هەڵقوڵاوی ویستی خەڵكن لە بەرزرترین ئاستی بەرپرسیارێتیدا پێشێلكران ورێز لەو واژۆیەش نەگیرا كە پێشتر لە لایەن خۆیانەوە لە سەر ئەو یاسایانە كرابو".
ژووری یاسایی گۆڕان جەختیكردوەتەوە كە هەمو ئەو كارانەی لەو بەروارەوە بەرامبەر پەرلەمان وسەرۆكەكەی كراون، ئامانج لێیان بێ ئەرزشكردنی دەسەڵاتی یاسادانانەو بێ بەهاكردنی یاساو رێساكان و حساب نەكردنە بۆ دەنگی هاوڵاتیان، رەتكردنەوەی تەواوی سیستمی پەرلەمانیە.
ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوشەكردوە كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بەو پێودانگەی لایەنێكی سەرەكی بابەتەكەیە، لەم كاتە هەستیار و مێژویەدا پێویستە بەئەركو بەرپرسیارێتی یاسایی خۆی هەستێ و پێویستە تەنها فەرمانی ئەو لایەنە جێبەجێ بكات كە بەرپرسیارە بەرامبەری، ئەویش پەرلەمانە و جێبەجێكردنی فەرمانی هەر كەس ولایەنێكی تر سەرەڕای ئەوەی كۆمسیۆن لە بەرامبەر پەرلەماندا بەرپرسیار دەكات، لە هەمان كاتدا سەربەخۆیی و كاریگەریە یاساییەكەشی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
دەقی رونكردنەوەكە
رونكردنەوەیەك لە ژوری یاسایی بزوتنەوی گۆڕانەوە
هاونیشتمانیانی خۆشەویست
خەمخۆرانی یاساو داهاتوی یاسایی هەرێمی كوردستان- عێراق
سەرجەم دامەزراوە یاسایی و رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە سەروەری یاسا
هێزو لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان- عێراق
هەموتان دەزانن پۆستی سەرۆكی هەرێم لە رێككەوتی (20/ 8/ 2015) روبەروی گرفتی یاسایی بۆتەوە، چونكە دەبو پێش ئەو وادەیە ئاڵوگۆڕ لەوپۆستەدا بكرایە، بەڵام بەداخەوە، لەو بەروارەدا دور لە هەمو رێكارە دیموكراسی ومەدەنیەكان، یاسا كارپێكراوەكان كە هەڵقوڵاوی ویستی خەڵكن لە بەرزرترین ئاستی بەرپرسیارێتیدا پێشێلكران ورێز لەو واژۆیەش نەگیرا كە پێشتر لە لایەن خۆیانەوە لە سەر ئەو یاسایانە كرابو.
لەو بەروارەش بەدواوە بە نایاسایی و بە بیانوی جۆراو جۆرو بۆ مەبەستی نهێنی وئاشكرا، چەندین فەرمان بە ناوی سەرۆكی هەرێمەوە دەركراوە، كە دواترینیان فەرمانی ژمارە ( 106 )ە.
ئێمە لە ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان بەئەركی یاسایی ونیشتمانی خۆمان زانی ئەم چەند خاڵە بۆ جەماوەری بەشەرەفی خەڵكی كوردستان بخەینە رو:
1- هەمو ئەو كارانەی لەو بەروارەوە بەرامبەر پەرلەمان وسەرۆكەكەی كراون، ئامانج لێیان بێ ئەرزشكردنی دەسەڵاتی یاسادانانەو بێ بەهاكردنی یاساو رێساكان و حساب نەكردنە بۆ دەنگی هاوڵاتیان، رەتكردنەوەی تەواوی سیستمی پەرلەمانیە. لە بارێكی خراپی واشدا كەسی پیرۆز، بنەماڵەی پیرۆز دروستدەبێت، هاوڵاتیانیش دەكرێن بە پلە یەك وپلە دو، ئیتر كۆی سیستمی یاسایی گوزارشت لە ویستی ئەو كەس وبنەماڵەیە دەكات.
2- دەركردنی فەرمانی ژمارە ( 106 ) تایبەت بە راپرسی ومومارەسەكردنی دەسەڵاتی یاسادانان تیایدا، دەستدرێژی كردنێكی ئاشكرایە بۆ سەر تایبەتمەندیەكانی پەرلەمان و پێچەوانەی كۆی سیستمی یاسایی كارپێكراوە لە ناوخۆدا و دژی پرەنسیپ وبەها باڵا یاسایە نێو دەوڵەتیەكانە. بەڵام دەرخەری ئەو راستیەیە كە لە خاڵی یەكەمدا ئاماژەمان پێكردوە.
3- ئەگەر هێزە عێراقیەكان لە دادگای باڵای فیدراڵی تانە لە فەرمانی ژمارە ( 106 ) بدەن، ئەوا بە دڵنیایەوە ئەو فەرمانە لە روی فۆرم وبابەتەوە هەڵدەوەشێنرێتەوە لەلایەن دادگای ناوبراوەوە، ئەمەش كاریگەری زۆر خراپی دەبێـت لەسەر دۆزی سەربەخۆیی و گومانی گەورە دروستدەكات لەسەر رەوایەتیەكەی.
4- سەرجەم ئەو فەرمانانەی لە بەرواری (20/ 8/ 2015) بەناوی سەرۆكی هەرێمەوە دەركراون، كێشەی گەورەی یاساییان هەیە ودەكرێت لە داهاتودا روبەڕوی هەڵوەشاندنەوە ببنەوە، بێگومان ئەوەش كاریگەری دەبێت لە سەر پێگە یاساییەكان.
5- گەلی كوردستان لە سەد ساڵی رابردودا دۆزێكی رەوای تەواو یاسایی هەبوە، كە بریتیە لە بڕیاردانی چارەنوس وجاڕدانی سەربەخۆیی ودروستكردنی دەوڵەت، تەنانەت لەو كاتانەشدا كە روبەڕوی گەورەترین مەترسی وتوند وتیژی بۆتەوە، دەستبەرداری میكانیزمە یاسایەكان نەبوە لە پێناو ئەوەی دۆزەكەی نەدۆڕێنێ، بۆیە ئێستا ناكرێت بە بیانوی نەتەوەیی هەندێك كەس لە چەند پارتێكی سیاسی دور لە یاساو ویستی خەڵك موجازەفە بەم دۆزەوە بكەن، بێگوێدانە ئەو ئەمانەتە مێژوییەی نەوە دوای نەوە رادەستی یەكیان كردوە، بەكارهێنانی ئەم دۆزە لەم كاتەدا كە دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی دژواردا تێپەڕدەبێت، موجازەفەیەكی گەورەیە بە چارەنوسی گەلی كوردستانەوە، تەنها خزمەتی بەرژەوەندی كەسی وحیزبی دەكات. لەروی یاساییەوە دۆزەكە لەدەست ئەدەین، چونكە ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا راپرسی بكرێت ودەنگی پێویست بەدەستنەهێنێ، خەباتی سەد ساڵی رابردو بەقوربانی ئارەزویەكی كاتی دەكرێت، خۆ ئەگەر دەنگی پێویستیش بەدەستبهێنێ ئەوا روبەڕوی كێشەی یاسایی ودانپێدانەنان دەبێتەوە.
6- ئەو حیزبانەی كۆبونەوەو بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمیان دا ئایا بە چی شەرعیەتێك ئەو بڕیارەیان دا؟ نە شەرعیەتی یاساییان هەیە نە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی. ئەگەر ریفراندۆم سەركەوتنی بەدەست نەهێنا، كێ بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت؟.
7- كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن وراپرسی بەو پێودانگەی لایەنێكی سەرەكی بابەتەكەیە، لەم كاتە هەستیارو مێژویەدا پێویستە بەئەركو بەرپرسیارێتی یاسایی خۆی هەستێ، نەكەوێتە ژێر ركێفی بڕیاری حیزبی، چونكە بەشداریكردن لە موجازەفەیەكی وا گەورەدا بێ پشتگیری یاسایی و سەرپشكردنی گەل، بێگومان لە داهاتودا روبەڕوی لێپێچینەوەو لێپرسینەوەی پەرلەمانی ویاسایی دەكاتەوە. بۆیە بە پێی ماددەی ( 3 لە یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن وراپرسی ژمارە 4 بۆ ساڵی 2014 ) پێویستە كۆمسیۆن تەنها فەرمانی ئەو لایەنە جێبەجێ بكات كە بەرپرسیارە بەرامبەری، ئەویش پەرلەمانە، جێبەجێكردنی فەرمانی هەر كەس ولایەنێكی تر سەرەڕای ئەوەی كۆمسیۆن لە بەرامبەر پەرلەماندا بەرپرسیار دەكات، لە هەمان كاتدا سەربەخۆیی و كاریگەریە یاساییەكەشی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
پشت بەست بەو راستیانە ئێمە پێمان وایە دەبێت ریفراندۆم زەمینیەكی یاسایی پتەوی بۆ ساز بكرێ، لەهەردو ئاستی ناوخۆیی ودەرەكی، بۆئەوەی لە ناوخۆدا روبەروی تانە لێدان وهەڵوەشاندنەوە نەبێـتەوە، لە ئاستی دەرەكیش روبەروی دانپێدانەنان نەبێـتەوە.
ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان
17/6/2017