بارزانی سەرۆكایەتی كۆمیتەی ریفراندۆم ناكات
لەرەخنەكان نیگەرانەو دەیەوێت سەرۆكایەتییەكە بداتە سیاسییەكی تری هەرێمی كوردستان

کوردستان

18/06/2017‌ 6872 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی كۆمیتەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ناكات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەرەخنەكان نیگەرانەو دەیەوێت سەرۆكایەتییەكە بداتە سیاسییەكی تر.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بەشارپرێس، دوای ئەوەی لەرۆژی 7 ئەم مانگە لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەو رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان دیاریكرد، هەمان رۆژیش بڕیاری پێكهێنانی كۆمیتەیەك بۆ سەرپەرشتی كاروباری پرۆسەی ریفراندۆم درا.

هەر بەپێی زانیارییەكان بڕیاربووە، مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی كۆمیتەكە بكات‌و هەموو لایەنەكانیش لەو كۆمیتەیە نوێنەریان هەبێت، بەڵام بارزانی بەنیاز نییە ئێستا سەرۆكایەتی كۆمیتەكە بكات، ئەوەش بەهۆی ئەو رەخنانەی لەچەند رۆژی رابردوو لەپرۆسەكە گیراوە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، بارزانی دەیەوێت سەرۆكایەتی كۆمیتەكە بداتە سیاسییەكی تری هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی سیاسییەك، كە پەیوەندییە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكانی بەهێز بێت، بۆ ئەوەش پێشنیاز بۆ چەند سیاسییەك كراوە.

مەسعود بارزانی‌و لایەنەكانی هەرێم رۆژی 25/9/2017یان دیاریكردووە بۆ رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەكۆبوونەوەیەكی حیزبی بڕیار لەو پرۆسەیە دراوە، رەخنەیەكی زۆری لێدەگیرێت.

هـ ـ ح