شارپرێس:
بەرپرسێكی سەربازی پێشووی ئەمریكا بەپێویستی دەزانێت وڵاتەكەی پشتیوانی لەهەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گەیشتن بەسەربەخۆیی بكات.
ڕۆناڵد گریفیس ئارلینگتۆن جەنراڵی خانەنشینی سوپای ئەمریكا، كە پۆستی سوپاسالاری هەبووە، وتارێكی بڵاوكردووەتەوەو تێدا ئاماژەی بەوە كردووە، كورد وەك باشترینو دڵسۆزترین هاوپەیمانی ئەمریكا لەناوچەكە، كە توانیویانە ئازایانە شەڕی داعش بكەنو ببنە پارێزەری بەهاكانی مافی مرۆڤو پەناگەیەكی ئارام بۆ كەمینە سەركوتكراوەكان، پێویستە ئەمریكا پشتیوانی لەهەرێمی كوردستان بكات، بەتیبەتی بۆ سەربەخۆیی.
ئارلینگتۆن لەوتارەكەدا هیوای بۆ ئەوەش خواستووە سەركردەكانی ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا پشتیوانی لەهەوڵی هەرێمی كوردستان بكەن، كە ئێستا هەنگاو دەنێن بەرەو دامەزراندنو ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.
لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاریانداوە لە 25/9/2017 پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجامبدەن ئەوەش بۆ پرسی سەربەخۆیی، كە ئەمە كاردانەوەی نێودەوڵەتی لێكەوتووەتەوەو زۆربەی وڵاتان لەگەڵی نین.
هـ ـ ح