"تاڵەبانی باوەڕ پێهێناوە یەكێتی پشتگیری نەكات"
ئێران هەوڵەكانی بۆ رێگری لەئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم چڕدەكاتەوە

کوردستان

17/07/2017‌ 4367 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لایەنی ئێرانی هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە، بۆ ئەوەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان نەكرێت‌و سەرچاوەیەكیش ئاشكرایكرد، كە جەلال تاڵەبانی "باوەڕپێهێناوە پشتگیری پرۆسەكە نەكەن".

سەرچاوەیەكی باڵای كوردی، بۆ پێگەی "غەدپرێس" ئاشكرایكردووە، ئێران بەم دوایانە "دەستی بەجموجوڵەكانی كردووە، بۆ ئەوەی رێگری لەئەنجامدانی ریفراندۆم بكات، كە مەسعود بارزانی‌و چەند لایەنێكی تری بڕیاریانداوە لەمساڵدا ئەو پرۆسەیە ئەنجامبدەن".

سەرچاوەكە ئاشكراشیكردووە، كە بەرپرسانی ئێران، "باوەڕیان بەجەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی هێناوە، بۆ ئەوەی حیزبەكەی بەشداری پرۆسەكە نەكەن‌و پشتگیری هەوڵی ئەنجامدانیشی نەكەن".

ئەمە لەكاتێكدایە هەفتەی رابردوو جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی، هەرچەندە باری تەندروستی تەواو نییەو چەند ساڵێكە لەگۆڕەپانی سیاسی دووركەوتووەتەوە، سەردانی ئێرانی كرد، كە وا راگەیەنرا سەردانەكەی "تەنیا بۆ پشتوو وەرگرتن بووە".

بەقسەی سەرچاوەكە، ئێران داوای لەبەرپرسانی یەكێتی كردووە، بەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان "رێگری بكەن لەئەنجامدانی ریفراندۆم لەپارێزگای سلێمانی"، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ شكستپێهێنانی پرۆسەكە.

ئەمە لەكاتێكدایە مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاریانداوە رۆژی 25/9/2017 پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرێوەبەرن، كە ئەمە كاردانەوەی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی بەدواوە هاتووە.

هەروەها ئێران لەچوارچێوەی هەوڵەكانی لەرێگەی ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی وڵاتەكەی لەبەغدا پەیوەندی بەچەند سەركردەیەكی عێراقی لەوانە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ ئەوەی رێگری لەئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم بكەن.

ئیرەج مەسجدی داوای لەحەیدەر عەبادی كردووە، كە باس لەوە بكەن ئەنجامدانی ریفراندۆم پرۆسەسەكی نا دەستوورییەو بۆ ئەوەی لەگەڵ فۆئاد مەعسومی سەرۆك كۆماری عێراق قسەبكات، كە لەپشكی كورد ئەو پۆستەی هەیە.

هاوكات ئێران شاندێكی یەكێتی نیشتمانی بانگهێشتكردووە بۆ وڵاتەكەی‌و بەپێی زانیارییەكان چوونی شاندەكە پەیوەندی بەپرۆسەی ریفراندۆمەوە هەیە.

هـ ـ ح