شارپرێس:
كەناڵی جزیرە بڵاویكردەوە، كە مەسعود بارزانی لەسەردانەكەیدا بۆ ئەوروپا نەخشەی كوردستانی پێشانی بەرپرسانی ئەوروپی داوە.
كەناڵەكە بڵاویشیكردەوە، ڕۆژی 10ی ئەم مانگە مەسعود بارزانی بەیاوەری شاندێك، كە لە ئەندامانی كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم پێكهاتبوون گەیشتە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكاو لەگەڵ بەرپرسانی پەرلەمانی ئەوروپاو بەرپرسانی باڵای وڵاتی بەلجیكا گفتوگۆیان كردو پرسی ڕیفراندۆمو سەربەخۆیی كوردستانیان خستە بەرباس.
كەناڵەكە ئەوەشی راگەیاندووە، یەكێك لەوێنەكانی دیدارەكانی مەسعود بارزانی لەمیدیاكان بەچڕی بڵاوكراوەتەوەو گفتوگۆی لەسەر دروستبووە.
هەروەها رایگەیاندووە لەوێنەكە دەركەوتووە، مەسعود بارزانی نەخشەیەكی باشووری كوردستانی لەدەستدایەو سنوورو نەخشەی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان بۆ جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا ڕووندەكاتەوە.
كۆبوونەوەكانی بارزانیو شاندی یاوەری 11ی مانگ لەبرۆكسلی پایتەختی بەلجیكا دەستیان پێكردو سەرەتا لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیرانو وەزیری ناوخۆو بەرپرسو كۆچو كۆچبەرانی وڵاتی بەلجیكا كۆبوونەوە.
هـ ـ ح