داوای دواخستنی رۆفراندۆم دەكات
وەزیری كشتوكاڵ: ئەگەر ئامادەكاری نەكرێت پێدەچێت لەكاتی ڕیفراندۆمدا نرخی سەوزەو خواردنەكان بەرزبێتەوە

کوردستان

08/08/2017‌ 891 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدولستار مەجیج وەزیری كشتوكاڵی ھەرێم جەختیكردەوە، ئەگەر ئامادەكاری نەكەن پێدەچێت لەكاتی ڕیفراندۆمدا نرخی خواردنەكان بەرزبێتەوە‌و داواشی كرد، "ڕیفراندۆم بۆ ماوەی ساڵێك دوابخرێت".

عەبدولستار مەجید ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند "ئەوان لەئێستادا پێویستیان بەكات‌و بودجەیەك ھەیە، تابتوانن ئامادەكاری بكەن بۆ دابینكردنی سەرجەم خواردن‌و سەوزەواتەكان لەوەرزە جیاوازەكاندا بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێم".

وەزیری كشتوكاڵ جەختیشیكردەوە، كە ئەگەر ئامادەكاری نەكەن پێدەچێت لەكاتی ڕیفراندۆمدا نرخی سەوزەو خواردنەكان بەرزبێتەوە "بەجۆرێك كیلۆیەك تەماتە ئەگەری ھەیە نرخی بگاتە پێنج ھەزار دینار".

عەبدولستار مەجید ئاشكراشیكرد، كە "داوایان لەحكومەتی ھەرێم كردووە ٣٦ ملیار دیناریان بۆ دابینبكات بۆ بەرەو پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ‌و بووژاندنەوەو تەواوكردنی چەند پڕۆژەیەك، وەك سەرەتایەكیش ڕەزامەندی لەسەر ٢٠ ملیار دراوە، بەڵام ئەوەش كەمە".

عەبدولستار مەجید هەروەها رایگەیاند "بۆ چارەسەركردن‌و ڕووبەڕوونەبوونەوەی ھەرێم بەكەمی پێداویستی كشتوكاڵ‌و بەروبوومەكانی داوا دەكەن ڕیفراندۆم بۆ ماوەی ساڵێك دوا بخرێت تا ئەوان ئامادەكاری تەواوی بۆ بكەن".

مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم، ماوەی چەند مانگێكە بڕیاریانداوە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدەن، كە ئەمە كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتووەتەوە.

هـ ـ ح

بەپەلە