"وەرەقەیەك بۆ رێككەوتن تاوتوێدەكەن"
شاندەكەی هەرێم بۆ بەغدا لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان كۆدەبنەوە

عیراق

20/08/2017‌ 1056 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو شاندەی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی ریفراندۆمی هەرێم چەند رۆژێكە لەشاری بەغدان، لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان كۆدەبنەوە، كە لەكۆبوونەوەكە "وەرەقەیەك بۆ رێككەوتن" تاوتوێدەكەن.

شاندەكەی هەرێم ئەمڕۆ یەك شەممە لەگەڵ شاندێكی باڵای هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان كۆدەبنەوە، كە ئەمە كۆبوونەوەی دووەمی نێوان هەردوولا، ئەوەش دوای ئەوەی چوار شەممەی رابردوو جارێكی تر كۆبوونەوە.

بەپێی زانیارییەكان، كە بەرپرسێكی باڵای كورد لەبەغداو ئاگادار لەكۆبوونەوەكانی شاندەكەی هەرێم بەشارپرێسی راگەیاند "لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ شاندی هاوپەیمانی نیشتمانی وەرەقەیەك بۆ رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداو چارەسەری كێشەكانی نێوانیان دەخاتە بەردەم شاندەكەی هەرێم".

سەرچاوەكە، كە بەهۆی هەستیاری پۆستەكەیەوە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە راشیگەیاند "لەوەرەقەكەدا هاوپەیمانی نیشتمانی داوای دواخستنی ریفراندۆم دەكەن، لەبەرانبەردا ئامادەن چارەسەری كێشەكانیان لەگەڵ هەرێم بكەن"، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.

ئەمە لەكاتێكدایە لەرۆژی دوو شەممەی رابردووەوە، شاندێكی سیاسی هەرێم لەشاری بەغدان‌و چەند كۆبوونەوەكیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كردووە، ئەوەش بۆ پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لەمانگی نۆی داهاتوو.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد، لایەنە عێراقییەكان، بەتایبەتی هاوپەیمانی نیشتمانی، كە دەسەڵاتداری عێراقیشن لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم نین، بۆیە پرسی دواخستنی لەگەڵ شاندەكەی هەرێم تاوتوێدەكەن‌و بۆ ئەوەش دەیانەوێت رێكبكەن.

شارپرێس پێشتر بڵاویكردەوە، كە فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق لەپشكی كوردو لایەنی ئەمریكی لەبەغدا، سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكن، بۆ ئەوەی هەولێرو بەغدا لەسەری بگەنە رێككەوتن، هەم بۆ دواخستنی ریفراندم، هەم بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان عێراق‌و هەرێمی كوردستان.

مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم رۆژی 25/9/2017یان دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە ئەمە كاردانەوەی لێكەوتووەتەو زۆربەی كاردانەوەكانیش داوای دواخستنی دەكەن.

هـ ـ ح