شارپرێس:
كەناڵی جەزیرەی قەتەری راپۆرتێكی لەسەر پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانو دامەزارندنی دەوڵەتی كوردی بڵاوكردەوە، كە تێدا باس لەخەونی كوردەكان دەكات بۆ دروستكردنی دەوڵەت.
لەسەرەتای راپۆرتەكەدا ئاماژە بەهەوڵە مێژووییەكانی گەلی كورد لەهەر چوار پارچەی كوردستان دراوە بۆ دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان، كە دواتر سەرجەم هەوڵەكان شكستیان هێناوە.
راپۆرتەكە دامەزراندنی كۆماری مەهابادی لەساڵی 1946 لەسەر دەستی قازی محەمەد بەنموونە هێناوەتەوە، كە دواتر بەهۆی پاشەكشێی یەكێتی سۆڤیەتی ئەوسا لەپشتگیریكردنی كۆمارەكە شكستیهێناو لەلایەن رژێمی ئێرانەوە كۆتایی پێهات.
یەكێك لەو پرسانەی لەراپۆرتەكەی كەناڵی جەزیرەدا تیشكی خراوەتە سەر بابەتی "دژایەتیكردنی" وڵاتانی درواسێی باشووری كوردستانە، هەروەها سەردانەكەی سوپاسالاری ئێران بۆ توركیاو كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك كۆمار لەسەر بابەتی ریفراندۆمی هەرێمی وەك نموونەی كاردانەوەكان هێناوەتەوە.
هەروەها لەراپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە پرسی ریفراندۆم بووەتە مەترسی لەلای توركیاو ئێران هەر ئەوەش وایكردووە محەمەد باقری سوپا سالاری ئێران مانگی رابردوو سەردانی توركیای كرد لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە تاوتوێ مەترسیەكانیان كردووە.
بەپێی راپۆرتەكە، كۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای سەربازی توركیاو ئێران لەسەر ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت بەوپێیەی هەردوو وڵات بەئاشكرا دژایەتی خۆیان لەسەر ئەو پرسە راگەیاندووە بەتایبەت هۆشداری هەڵگیرسانی پێكدادانی سەربازی لەناوچەكەیان وەك دەرەنجامی پرسەكە باس كردووە.
لەبەشێكی تری راپۆرتەكەدا كێشەناوخۆییەكانو را جیایی شەقامی كوردی لەسەر پرسەكە باس كراوە، بەتایبەت دروستبوونی بەرەی نەخێر، ئەوەشی بۆ بەردەوامی كێشە سیاسیەكانی هەرێم گەڕاندوەتەوە.
هەروەها باسی لەهەڵوێستی حیزبە كوردییەكان كردووە، كە هەریەكە لەبزووتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی داوای دواخستنی پرۆسەكەیان كردووە، كە بڕیارە لە 25/9/2017 ئەنجامبدرێت.
ر ـ ح