بارزانی: هیوادارم ناچاری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نەكرێین

کوردستان

09/09/2017‌ 1706 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارازنی رایگەیاند نایەوێت لەسەر سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان رووبەرووبونەوەی سەربازی رووبدات‌و جەختیكردەوە، گەر "كەسانێك" بیانەوێت بەزەبری هێز بێنە سەر كەركوك رووبەروویان دەبنەوە.

ئەمرۆ شەممە 9ى ئەیلول كەناڵی بی بی سی فارسی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ مەسعود بارازنی لەسەر پرسی ریفراندۆم بڵاوكردەوەو بارازانی لەبارەی هەڕەشەكانی حەشدی شەعبیەوە رایگەیاندووە، ئەگەر تەنیا هەڕشە بن "چۆنیان دەوێت با هەڕەشە بكەن" بەڵام گەر هەر هەنگاوێكی عەمەلی بنێن بەتوندی رووبەروویان دەبنەوە، هەروەها رایگەیاندووە "ئەو كات بارودۆخێكی نوێ لەبەردەممان دەبێت."

لەبارەی شاری كەركوكەوە مەسعود بارزانی وتوویەتی دەمانەوێت كەركوك سومبولی پێكەوە ژیانی تەواوی پێكهاتەو تیرەكان بێت، بەڵام هەر هێزێك بیەوێت بە بەكارهێنانی چەك پێكهاتەی شارەكە بگۆڕێت‌و لەكوردستانی جیابكاتەوە "ئەوا دەبێت چاوەڕێی ئەوە بكات هەموو كورد ئامادەی شەڕ كردنە بۆ ئەم شارە".

مەسعود بارزانی لەبارەی مەترسیەكانی ریفراندۆم لەسەر ئەمنییەتی عێراق‌و یەكپارچەیی خاكەكەی ئەوەی راگەیاندووە "كەی عێراق یەكپارچە بووە تا ئێستا لەپارچە پارچە بوونی بترسن، كەی ئەم ناوچەیە ئەمنییەتی پارێزراو بووە تا ئێستا بەهۆی ریفراندۆمەوە ئەمنیەتی تێك بچێت"، ئەو پێی وایە ئەم كاردانەوە تەنیا بیانوون.

ناوبراو ئەوەشی رایگەیاندووە، ئێران دەتوانێت بە بەكارهێنانی كاریگەرییەكانی بەسەر حكومەتی عێراقەوە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بدات.

بریارە تەواوی چاوپێكەوتنەكەی بارزانی رۆژی دووشەممە لەبەرنامەیەكی كەناڵی بی بی سی فارسیدا بڵاوبكرێتەوە، كە لێدوانەكەی لەكاتێكدایە حكومەتی عێراق بۆ پرۆسەی ئازادكردنی حەویجە هێزێكی زۆری كۆكردوەتەوە ئەوەش مەترسی لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان دروستكردووە.

هـ ـ ح