شارپرێس:
ئەنجوومەنی پارێزگاكانی سەڵاحەدینو دیالە ئەنجامدانی ریفراندۆمیان لەناوچەكێشە لەسەرەكانی سەر بەپارێزگاكانیان رەتكردەوە، لەكاتێكدا ئەنجوومەنی ئیداری هەندێك لە شاروشارۆچكەی سەر بەو دوو پارێزگایە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمیان لەناوچەكانیان پەسەند كردووە.
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە 29 ئەندام پێكهاتووە، 13 ئەندامیان شیعەو 13 ئەندامی تریان سونەن، هەروەها 3 ئەندامەكەی تریش كوردن، رۆژی سێشەمە ئەو ئەنجوومەنە بەزۆرینەی دەنگی ئەندامەكانیو بێ بەشداریكردنی كوتلەی كوردی، ئەنجامدانی ریفراندۆمی لەناوچە كێشەلەسەرەكانی سەر بەپارێزگاكەی رەتكردەوە.
ئەمەل عیمران، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند "لەدانیشتنەكەی رۆژی سێشەمەی ئەنجوومەنی دیالەدا، 16 ئەندام ئامادە بوونو بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمیان لەخانەقینو جەلەولاو ناوچەكانی تر رەتكردوەتەوە."
ئەمەل عیمران، راشیگەیاند "داواشیان لەئاوارەكانی جەلەولاو شاروشارۆچكەكان كردووە بگەرێنەوە بۆ ناوچەكانیان بۆ رەتكردنەوەی راپرسی."
قەزای خانەقینو ناحیەكانی جەلەولا، جەبارە ، سەعدیە، قەرەتەپەو مەندەلی، كە ناوچەی كێشەلەسەرن، دەكەونە سنووری پارێزگای دیالەوەو بریاری ریفراندۆمیان تێدا دراوە، بەڵام پارێزگای سەڵاحەدین تەنیا قەزای خورماتووی دەكەوێتە سەر، كە بریاری ریفراندۆمی تێدا پەسەندكراوە.
رۆژی چوارشەمەش ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بەدەنگی 17 ئەندامی، ئەنجامدانی ریفراندۆمی لەقەزای خورماتووی سەر بەو پارێزگایە رەتكردوەتەوە، لەكاتێكدا ئیدارەی قەزاكە بەدەست كوردەوەیەو بڕیاری ریفراندۆمی پەسەندكردووە.
ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدینیش لە 29 ئەندام پێكهاتووە، 23 ئەندامی ئەنجوومەنەكە سونەو 5 ئەندامیشی شیعەیە، هەروەها تەنیا یەك ئەندامی ئەنجومەنەكە كوردە.
لەو بارەشەوە حەسەن محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند "بۆ دانیشتنی ئەنجوومەن بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجوومەنی قەزای خورماتوو كراوە، بەڵام كوردو سونە دانیشتنەكەیان رەتكردووەتەوەو تەنیا شیعەكان بەشداربوون تێیدا."
پەنابردنی حكومەتی عێراق بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ رەتكردنەوەی ریفراندۆم لەناوچە كێشەلەسەرەكانیان، لەكاتێكدایە كورد لەرێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوكەوە شەرعییەتی بەئەنجامدانی ریفراندۆم لەو پارێزگایە داوە.
هـ ـ ح