شارپرێس:
هەوڵەكان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ كۆكردنەوەی واژوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بەردەوامە.
هەوڵەكە لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكی توركومانەوە دەدرێتو تائێستاش بۆ پرسی هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك چەندین واژوویان كۆكردووەتەوەو بڕیارە واژووەكانیش بدرێتە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران.
نیازی میعمارئۆغڵو پەرلەمانتاری توركومان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەو بارەوە رایگەیاندووە "بەهۆی جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی حكومەتی ناوەند، 74 پەرلەمانتار واژوویان كۆكردووەتەوە بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك".
نیازی میعمارئۆغڵو باسی لەوە كرد، كە هەوڵیانداوە ژمارەی واژووكان بگەیەننە 200 واژوو بۆ ئەوەی بەبڕیاری پەرلەمان ئەو ئەنجوومەنە هەڵبوەشێننەوە.
نیازی میعمارئۆغڵو بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ راشیگەیاندووە "كێشەی كەركوك بەلەسەركارلابردنی پارێزگار كۆتایی نایەت، پێداگری ئەنجوومەنی پارێزگاكە لەسەر ریفراندۆم كێشەی نوێی لێدەكەوێتەوە".
پەرلەمانتاری توركومانەكە، باسی لەوەیشكرد ئەگەر لە كەركوك ریفراندۆم بكرێت ئەوا هێزە كوردییەكان هەژموون بەسەر هەموو ناوچە جێ مشتومڕەكاندا دادەنێن، كە ئەوەیش بۆ ئەو ناوچانە مەترسی جیددی دروست دەكات.
هەروەها رایگەیاند "ئەگەر ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەوا لە شارەكە باری نائاسایی رادەگەیەندرێتو شارەكە لە لایەن فەرماندەیی سەربازیەوە بەڕێوەدەبرێت".
ئەمە لەكاتێكدایە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوو رۆژ لەمەوبەر پارێزگاری كەركوك، نەجمەددین كەریم-ی لە پۆستەكەی دوورخستەوەو باس لەوە دەكرێت لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵدراوە بۆ لەسەركارلابردنی سەركۆماری عێراق، فواد مەعسوم، كە بەڕەگەز كوردە.
ئەم هەوڵانە سەرجەمی پەیوەندی بەپرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، كە بڕیارە لە 25/9/2017 بەرێوەبچێتو پرۆسەكەش ناوچەكانی پارێزگای كەركوك بگرێتەوە.
هـ ـ ح