شارپرێس:
دواجار بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەو پیاوەی، كە نزیكەی سێ ساڵە لەحیزبەكەی كەنارگیر بووەو هەموو جووڵەیەكی سیاسی هەڵپەساردووە، بەتۆماركردنی قەوارەیەكی سیاسی بۆ هەڵبژاردن ماڵجیایی خۆی لەیەكێتی راگەیاند، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی هەفتەنامەی رووداو.
هەفتەنامەكە لەژمارەی ئەمڕۆ دوو شەممە لەزاری ئەندامێكی نێو قەوارە سیاسییەكەی بەرهەم ساڵج بڵاویكردەوە، "بەرهەم ساڵح وەك كاك نەوشیروان ناكاتو حیزب دروستناكات"، بەڵام ئەو قسانە ئاو ناكەن بەدڵی بەرپرسانی یەكێتیدا، بەم نزیكانە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی دەكرێت بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەرهەم ساڵحەوە بدەن.
بەكر سدیق، یەكێك لەئەندامانی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسو دادپەروەری، كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات، دەڵێت: "بەرنامەی سیاسی هاوپەیمانییەتییەكە بەقەد باڵای نەهامەتییەكانی خەڵكە، گەندەڵیو سەروەرنەبوونی یاساو تێكچوونی باڵانسی سیاسیو كێشەكانی دیكە، وایانكرد لیست دروستبكرێتو لەو رێگایەوە بەدوای چارەسەردا بگەڕێین، بۆیە كاك بەرهەم دەیەوێت لەم رێگایەوە خزمەت بەپرۆسەی سیاسی بكات".
هەشت ساڵ لەمەوبەر، كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا، جێگری پێشووی سكرتێری گشتی یەكێتی لیستێكی بۆ هەڵبژاردن راگەیاند، سێ ساڵ پێشتر ئەو دەستبەرداری یەكێتی ببوو، ئێستا دیمەنەكان لەسەر دەستی جێگرێكی دیكەی تاڵەبانی دووبارە دەبنەوە، كە ئەویش سێ ساڵە دانیشتووە بەبێ ئەوەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لەیەكێتی راگەیاندبێت، بەڵام لەبارودۆخێكدا، كە هەلومەرجی نێوخۆی یەكێتی هەمان هەلومەرجی سەروەختی جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا نییە.
بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی، كە لەگەڵ بەرهەم ساڵحدایەو نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێت "ژمارەیەك كادرو بەرپرسی مەڵبەندەكان لەگەڵ بەرهەم ساڵحن، بەڵام دكتۆر بەرهەم زۆر كار لەسەر ئەوە ناكات بەرپرسانی یەكێتی لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە، ئەو نایەوێت وەك بزووتنەوەی گۆڕان، سەركردەكانی یەكێتی ئەوانەی لەگەڵ كاك بەرهەمن ببنە دەموچاوی دیاری قەوارەكە".
هەروەها وتی: "هاوپەیمانییەتییەكە دانابڕێت لەمێژووی یەكێتیو هەركاتێك یەكێتی نێوماڵی خۆی رێكبخاتەوەو كێشەكانی چارەسەربكات، دەرفەتی ئەوە دەبێت كاری هاوبەش لەگەڵ یەكێتی بكات".
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەكەسێكی نزیك لەبەرهەم ساڵحەوە بەهەفتەنامەكە دراوە تاوەكو ئێستا هیچ ئەندامێكی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەوانەی لەبەرهەم ساڵح نزیكبوون، دەستلەكاركێشانەوەیان نەداوەتە یەكێتی.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت "مەرج نییە ئەوەی لەناو یەكێتی لەكاك بەرهەم نزیك بووبێت لەگەڵ قەوارەكەش بێت"و وتیشی "لەناو سەركردەكانی یەكێتیدا تاوەكو ئێستا یەك كەس ناوی لەنێو ئەوانەدا نییە، كە پێشكەشی كۆمسیۆن دەكرێن بۆ لیست، بەڵام رەنگە لەرۆژانی داهاتوودا لەنێو یەكێتییەوە خەڵك هەبن پەیوەندی پێوە بكەن".
رۆژی یەكشەممە 17/9/2017، بەرهەم ساڵح نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لەیەكێتی پێشكەش بەكۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كرد، بەپێی زانیارییەكان، كۆسرەت رەسوڵ نامەكەی وەرگرتووە..
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، پێیوایە مادام بەرهەم ساڵح، دەستی لەكاركێشاوەتەوە "یەكێتی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی ناكات بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بداتو داواكەشی پەسەنددەكرێت، چونكە ئەو قەوارەی دروستكردووەو خۆشی ئارەزوومەندانە دەستی لەكاركێشاوەتەوە، نەك وەك كارتی گوشار ئەوەی پێشكەشی یەكێتی كردبێت بۆ ئەوەی وتووێژی لەگەڵ بكرێت".
بەرهەم ساڵح نایەوێت لیستەكەی خۆی بەتەنیا بخاتە نێو كێبڕكێی هەڵبژاردنەوەو بەپێی ئەو زانیارییانەی (رووداو) دەستیكەوتوون، پێشتر قسەی لەگەڵ چەند لایەنێك كردووەو بەشێكیشیان ئەو حیزبانەن، كە لەباشووری كوردستان لەپارتی كرێكارانی كوردستانەوە نزیكن.
لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، بارودۆخی نێوخۆیی یەكێتی نیشتمانی بەناجێگیری مایەوە، پێشتر هەریەك لەكۆسرەت رەسوڵو بەرهەم ساڵح، لەگەڵ چەند سەركردەیەكی دیكەی ئەو حیزبە "ناوەندی بڕیار"یان راگەیاند، بەڵام دوای گەڕانەوەی كۆسرەت رەسوڵ بۆ سەر كارەكەیو رێككەوتنی لەگەڵ باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ململانێكان بەبێدەنگی مانەوە، چەند جارێكیش لەگەڵ بەرهەم ساڵح هەوڵدرا بۆ ئەوەی بێدەنگی بشكێنێت، بەڵام ئەو نەچووە ژێر بار.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی چەند خولەكێك بەر لەهەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی بەرهەم ساڵح، قسەی كردو رایگەیاند: "بەرهەم ساڵح كەسایەتییەكی سیاسی دیارەو ماوەی دوو ساڵە هیچ چالاكییەكی لەناو یەكێتی نییە، بەڵام ئەگەر بەواژووی خۆی قەوارە دروستبكاتو رایبگەیەنێتو كۆمسیۆن وەڵامی بداتەوەو پەسەندیبكات، دەبێت ئەو لەنێوان یەكێتیو ئەو قەوارەیەی دروستیكردووە یەكیان هەڵبژێرێت، كە قەوارەی راگەیاند، ئەو چیدیكە پەیوەندی بەیەكێتییەوە نامێنێت".
هەروەها ئاسۆ عەلی، ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی، دەڵێت دۆخی یەكێتی ئاڵۆزە "راگەیاندنی ئەو قەوارەیە، بەمانای راگەیاندنی شكستی ناوەندی بڕیار دێت، ئێستا ناوەندییەتی بڕیار لەنێو یەكێتی تەواو لاواز بووە، جاران پەسەند نەدەكرا، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو رەوشەوە هەر كەس بۆ خۆیەتی".
پێشتر نەوشیروان مستەفا بەجیابوونەوەی، لەساڵانی سەرەتاوە یەكێتی رووبەڕووی شۆكێكی سیاسی گەورە كردەوەو زۆرتر لەنیوەی دەنگەكانی ئەو حیزبەی برد، ئەی كەواتە بەرهەم ساڵح گرەو لەسەر دەنگی كێ دەكات؟ یەكێتی یان گۆڕان و یەكێتی؟ ئاسۆ عەلی، وای نابینێت ئەو قەوارەیە هەنگاوێكی گەورە بهاوێت "گۆڕان بەهەڵەی سیاسی نەگەیشتە ئەنجامو پێموایە ئەمەش ئەنجامێكی لاوازتری دەبێت".
بڕیارە یەكی تشرینی دووەمی 2017، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسی دەستیكردووە بەتۆماركردنی قەوارەكانو ماوەكەشی درێژكردەوە تاوەكو 28ی ئەیلول.
رۆژی یەكشەممە، دوای پەسەندكردنی هاوپەیمانییەتییەكەیان لەلایەن كۆمسیۆنەوە، بەرهەم ساڵح لەتویتێكدا رایگەیاند "كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆماری (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری) پەسەند كرد، بەهیوای بەدیهێنانی حوكمڕانی باشو دادپەروەر بۆ خزمەتی هاووڵاتییان".
بەكر سدیق، ئەندامی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری دەڵێت "كاك بەرهەم وەك كاك نەوشیروان ناكاتو دژایەتی یەكێتی و هیچ حیزبێك ناكات، بەڵكو هەوڵدەدات لەڕێگەی ئەو بەرنامەیەی، كە هەیەتی، پرۆسەی سیاسی بكەوێتەوە مەداری راستەقینەی خۆی".
هـ ـ ح
