شارپرێس:
وتەبێژی
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایگەیاند لەسەدا ٩٠ی ئامادەکارییەکانی
ئەنجامدانی ریفراندۆم تەواوبوون و لە هەوڵی ئەوەدان هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی
هەرێم و پەرلەمانیش لە وادەی خۆی ئەنجام بدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە
١٨ی ئەیلول شیروان زرار وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم لە سەر
ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ ریفراندۆم و هەڵبژاردنەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی
ئەنجامدا.
شێروان زرار رایگەیاند: "ئەنجامدانی ریفراندۆم زیاتر لەسەدا ٩٠ ئامادەکارییەکانی بۆ کراوە و کەلوپەلی لۆجستی ئامادەکراوە، بۆ دەنگدانی تایبەتیش کۆمسیۆن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ ھەماھەنگی کردووە بۆ ئەوەی بە گوێرەی پێویست بنکەی دەنگدان بکرێتەوە، بۆ یەکەمجاریشە دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی لەیەک رۆژدا ئەنجام بدرێت، ئەمەش ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی ئەنجامەکان لەیەک رۆژ تەواو بێت".
شێروان زرار وتیشی: "تۆماری دەنگدەران کاری زۆری لەسەر کراوە بۆ ئەوەی داتابەیسێک دروست بکرێت بۆ جیاکردنەوەی تۆماری دەنگدانی تایبەت و گشتی. لە ھەمانکاتیشدا سەرقاڵی دەرھێنانی ناوی مردووانین کە بە گوێرەی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی ٦٥ ھەزار ناوی مردووان ھەیە کە لە تۆماری ناوی دەنگدەران دەربھێنرێت".
لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم وتەبێژی کۆمسیۆن
رایگەیاند: "کۆمسیۆن لە ھەوڵ و کارکردنی بەردەوامە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ھەرێمیش لە وادەی دیاریی کراودا بەڕێوەبچن.
لەبارەی
خۆتۆمارکردنی لایەنە سیاسیەکان شێروان زرار وتی: "تا ئێستا ١١ قەوارەی سیاسی خۆیان بۆ ریفراندۆم تۆمار کردووە، بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانیش، ٢٢ قەوارەی سیاسی خۆیان تۆمار کردووە.
هەروەها باسی
لەوە کرد ماوەی تۆمارکردنی قەوارە سیاسیەکان لە کۆمسیۆن تا ٢٨ی ئەم مانگە
درێژکراوەتەوە.
سەبارەت بە کوردانی دەرەوەی وڵاتیش، رایگەیاند دەتوانن لە رێگای رەگەزنامەی عێراقییەوە دەنگ بدەن و پێویستیان بە پسوولەی خۆراک نییە، بە مەرجێک ئەو کەسە ناوی لە داتەبەیسی رەگەزنامەی هەرێم تۆمار کرابێت.
بریارە ٢٥ی ئەم مانگە ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ جیابوونەوە لە
عێراق بەرێوەبچێت و تێیدا هاوڵاتیانی هەرێم و ناوچە دابرێنراوەکان بۆ دەنگدان بچنە
سەر سندوقەکانی دەنگدان.
ر.ا