بارزانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەبەردەم سێ‌ بژاردەیە

کوردستان

19/09/2017‌ 3091 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی بڵاویكردەوە، كە مەسعود بارزانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لەبەردەم سێ بژاردەیە، كە دەبێت یەكێكیان جێبەجێبكات.

رۆژنامەكە لەژمارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە راپۆرتێكی لەسەر ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، كە تێدا باسی لەكاردانەوە ناوخۆیی ‌و ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئەو پرسە كردووەو رایگەیاندووە، بەو هۆیەوە فشارەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان زیاتربوون.

رۆژنامەكە راشیگەیاندووە، بەهۆی ئەو فشارە ناوخۆیی‌و ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییانەوە، سەركردایەتی سیاسی كورد بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی لەبەردەم سێ بژاردەیە، كە دەبێت یەكێكیان جێبەجێبكات.

هەروەها رۆژنامەكە لەبارەی بژاردەكانەوە، باسی لەوە كردووە، كە یەكێكیان ئەوەیە، ریفراندۆم وەك ئەوەی دیاریكراوە لەوادەی خۆی‌و لە 25 نۆ بەرێوەبچێت، كە دەبێت بارزانی‌و سەركردایەتی سیاسی كورد دەرئەنجامەكانی قبووڵ بكەن.

بۆ بژاردەی دووەم‌و سێیەمیش رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە دەبێت كورد لەگەڵ لایەنی بەغداو نێودەوڵەتییەكان قسە بكەن بۆ دواخستنی ریفراندۆم لەو وادەیەی دیاریكراوە، یان ئەنجامدانی ریفراندۆم تەنیا لەناوچەكانی هەرێم.

مەسعود بارزانی‌و زۆرێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم رۆژی 25/9/2017یان دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە ئەمە كاردانەوەی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی بەدواوە هاتووەو كاردانەوەكانیش بەردەوامی هەیەو زۆرێك لەكاردانەوەكانیش داوای دواخستنی دەكەن.

هـ ـ ح