ئەگەرەكانی دواخستن زۆرتربوون
واشنتۆن پۆست: ریفراندۆم ناو ماڵی كوردی پەرتتر كردووە

کوردستان

20/09/2017‌ 2609 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی بڵاویكردەوە، كە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ناو ماڵی كوردی لەباشووری كوردستان "پەرتتر" كردووەو لەئێستاشدا ئەگەرەكانی دواخستنی زیاتربووە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەراپۆرتێكدا بڵاویشیكردەوە، بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو وادەیە نین، كە بۆ ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، بەو هۆیەشەوە "كێشەو ململانێ‌و دابەشبوونی تر لەنێوان لایەنەكان دروستبووە".

رۆژنامەكە نموونەی بەهەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان وەك لایەنێكی سیاسی هەرێمی كوردستان بەنموونە هێناوەتەوەو رایگەیاندووە، ئەو بزووتنەوەیە لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم نییەو كاتەكەی بەگونجاو نازانێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت، ئەوەش بەبڕیاری مەسعود بارزانی‌و زۆرێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم، بەڵام گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ پرۆسەكە نین‌و داوای دواخستنی دەكەن.

رۆژنامە ئەمریكییەكە باسی لەهەڵوێستی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشی كردووەو ئەوەی راگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی یەكێتی لەگەڵ پرۆسەكەیە، بەڵام لەناوخۆی حیزبەكە دابەشكاری دروستبووەو بەشێك لەسەركردایەتی ئەو حیزبە لەگەڵ ئەوەن ریفراندۆم دوابخرێت، ئەوەش هاوشێوەی بزووتنەوەی گۆڕان.

رۆژنامەكە باسی لەئەگەرەكانی دواخستنی ریفراندۆمیش كردووەو جەختیكردووەتەوە، كە ئێستا ئەگەرەكانی دواخستنی ریفراندۆم زۆرتربووە، بەهۆی فشارە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەكان.

هەروەها باسی لەدەستپێشخەری نەتەوەیەكگرتووەكان‌و وڵاتانی زلهێز كردووە، كە خستوویانەتە بەردەم بەرپرسانی هەولێرو بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكانیان‌و دواخستنی ریفراندۆم.

هـ ـ ح