هۆشداری دابەشبوونی كوردستان بەهۆی ریفراندۆمەوە دەدرێت

کوردستان

24/09/2017‌ 3401 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان هۆشداری لەدابەشبوونی كوردستان بەهۆی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەدات.

عەلی حەمەساڵح لەمیانی پەیامێك بڵاویكردووەتەوە، كە مەسعود نابێت بارزانی بەبێ كەركوك‌و سلێمانی‌و گەرمیان ڕیفراندۆم بكات، چونكە "كوردستان زیاتر دابەشدەبێت".

عەلی حەمەساڵح بڵاویشیكردەوە، كە "باشترین بژاردە دواخستنی ڕیفراندۆم‌و ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردنەكان"، كە هەڵوێستی گۆڕان لەو بارەوە "باشترین هەڵوێست بوو".

بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، یەكێتی نیشتیمانی ئەگەر سەرەتا لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نەباو وەك گۆڕان شەرحی مەترسییەكانی كردایە، "ئەم هەموو گرفت‌و سەر ئێشە دروستنەدەبوو، كاك مەسعودیش نەیدەتوانی بەتەنیا بڕیاری ڕیفراندۆم بدات".

هەر بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، "سەركردایەتی یەكێتی دوو مانگ زیاترە دەزانن، ڕیفراندۆم بكرێت كوردستان بەگشتی‌و كەركوك‌و خانەقین‌و خورماتوو دووچاری قەیران دەبێت، ئەی بۆچی لوتكەی دەسەڵاتی یەكێتی لەسلێمانی‌و كەركوك لەگەڵ بارزانی بانگەشیان بۆ ڕیفراندۆم كرد؟".

عەلی حەمەساڵح ئاشكرایكردووە، كە ئێستا "هەڕەشەو مەترسی جدیەو یەكێتی باش لەم مەترسییە تێگەیشتووەو دەزانێت كەركوك لەدەستدەردەچێت، ڕیفراندۆم لەكەركوك ناكرێت‌و لەسلێمانی‌و گەرمیانیش هیچ ئامادەكارییەك نییە".

ئەمە لەكاتێكدایە وەك بڕیاری لێدراوە، رۆژی 25 ئەم مانگە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت‌و ئێستا فشارەكان زۆربوون بۆ ئەوەی پرۆسەكە نەكرێت، بەتایبەتی لەكەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكان.

هـ ـ ح