دەستەڵات بێ رۆحە. واتا، لە پڕۆسێسی ئەزمونکردنیدا، خزمایەتی و وەفا و هاوڕێیەتی ناناسێ. یەکێک لە ئامانجەکانی مرۆڤ لە ژیاندا، دەستەڵاتە، بەڵام بەدەستهێنانی دەستەڵات لەوێدا ناوەستێ. هەرکاتێک کەسێک کەمێک دەستەڵاتی بەدەستهێنا، بەدڵنیایی هەوڵی زیاترکردنی دەدا. دەستەڵات شتێکە بێلایەن لەڕوی ئەخلاقییەوە\ئامۆرەڵ. واتا، چاکە و خراپە لای دەستەڵات مانایەکی نییە، نە چاکە چاکە و نە خراپە خراپە. لای دەستەڵات هەردوکی دەکرێ باش بن دەکرێ خراپ بن. دەکرێ شتێک کە خراپە لە قۆناغێکدا باش بێ، پێچەوانەکەشی راستە.
بۆیە هۆبز پێیوایە مەیلێکی گشتیی ئینسان بەدەستهێنانی دەستەڵاتە، و زیاترکردنی دەستەڵاتە، ئەو مەیلە تەنها کاتێک کۆتایی دێ کە کەسەکە دەمرێ.
بێرتراند رەسل، لە وتارە بەناووبانگەکەی -من وەرمگێڕاوەتە کوردی ئەگەر ویستت با بۆت بنێرم- لەبارەی سێ حەزە گرنگەکە کە مرۆڤ هەڵدەسوڕێنن، یەکێکیان بە خۆشویستنی دەستەڵات دادەنێ. لە وتارەکەدا رەسل باسی جەنەراڵێکی پروشیایی دەکات کاتێک کۆشکەکانی ناپلیۆن دەبینێ. جەنەراڵەکە دەڵێ: <<ئەرێ ناپلیۆن گێل نەبو هەمو ئەوانەی هەبێت و بەدوای مۆسکۆشەوە بێت.>>
لای ناپلیۆن چێژی دەستەڵاتی زیاتر زۆر لەوە گەورەتر بو لە کۆشکەکانی دابنیشێ و چێژ لە ژیانێکی ئارام وەربگرێ. سەدام حوسێن دەیتوانی لەبری ٣٥ ساڵ دڵڕەقی و کوشتار، کە دواتر سەری خۆیش و کەسوکارەکەشی تێدا چو، هەم خۆیی و هەمیش وڵاتەکەشی بپارێزیبوایە.
رەسل لە وتارەکەیدا دەڵێ: <<لە هەر سیستەمێکی تاکڕەودا، ئەوانەی دەستەڵاتیان لە دەستە زیاتر و زیاتر تاکڕەو و دڵڕەق دەبن بە ئەزمونکردنی ئەو خۆشییانەی دەستەڵات پێیان دەبەخشێ. چونکە دەستەڵات بەسەر ئینساندا بەوەدا دەردەکەوێ کە وایان لێ دەکات ئەوە بکەن کە دەیکەن نەک ئەوەی کە نابێت بیکەن، ئەو ئینسانەی کە بە خۆشەویستیی دەستەڵات قوڕمیشکراوە زیاتر ئامادەیی تێدایە بۆ ئازاردان نەک چێژوەرگرتن لە دڵخۆشکردن.>>
ئێمە لە ١٩٩١ەوە هەڵە-بە-بەڵە تێدەپەڕێنین. مام جەلال و کاک مەسعود حەزی دەستەڵاتی زیاتر بو کە هیچیان بۆ هیچیان نەیانسەلماند و خوێنڕێژییەکی گەورەیان کرد.
ئەو حەزی دەستەڵاتە دەبێ کۆنترۆڵ بکرێ چونکە <<دەستەڵاتی رەها بەدڵنیایی فاسد دەبێ،>> کە دەستەڵاتیش فاس بو، خوێنڕێژی و ماڵوێرانی باڵ بەسەر وڵاتدا دەکێشێ.
مادام لە کۆمەڵگایەکی بەشەریدا دەژین، دەبێ لەسەر گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی رێکبکەوین ئەگەرنا هەرکەسێک دەستەڵاتی زیاتر بو ئەویتر زیندان بکا و بکوژێ، ئەمە خولانەوە دەبێ لەناو بازنەدا و ئەمڕۆ تۆ دەگری و دەکوژی، سبەی تۆ دەگیرێیت و دەکوژرێی. پارتی و یەکێتی لە ١٩٩٤ەوە نەیانتوانیوە متمانە بە یەکتر بکەن. هەردولا ژیان لە ترس و دودڵییان پێباشترە لەوەی هەردولا سازش بکەن بۆ رێککەوتن لەسەر ژیان و حوکمڕانییەکی باشتر.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە بەڵام تەنها لە ئەمریکا دەتوانێت بە ئیسراحەت لە قاوەخانەیەک دابنیشێ بێئەوەی ترسی هەبێ لەوەی روبەڕوی توندوتیژی ببێتەوە. سەرۆکی حکومەتمان متمانەی بە خەڵک و پۆلیسی ئەمریکیی زیاترە تا خەڵک و پۆلیسی کوردستان، ئەمە کێشەیەکی لە رادە بەدەر گەورەیە.
دەستەڵات دەبێ کۆنترۆڵ بکرێ. ئینسان دەبێت حەزی خۆشویستنی کۆنترۆڵ بکا. ئێستا داماننا بافڵ تاڵەبانی کۆنترۆڵی سلێمانی کرد بۆ ئەبەد، چ بەهایەکی هەیە؟
لاهور تاڵەبانی پێشتر حوکمڕانی رەهای سلێمانی بو، وەک ئاراسی برای گوتی خۆیان بڕیاریان بە حاکمەکان دەکرد چی بکەن، ئێستا هەمان حاکم بڕیار بەسەر ئەواندا دەکات بە بڕیارێکی کەسێکی بەهێزتر لەوان.
بۆیە پێویستمان بە حوکمی قانونە، قانونێکی عادیلانە. پێویستمان بە دیموکراسییە نەک تەنها بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە دەستەڵاتداران بپارێزێ، بۆئەوەی دەستەڵاتدارانیش لە هاووڵاتییان بپارێزێ.
دەکرێ ٣٤ ساڵی تریش بەو جۆرە بەردەوام بین لە گلەییکردن لە حاڵی خۆمان و گەندەڵی و سیستەمی تاکڕەو. شیعرێکی عەبدوڵا پەشێو پۆست بکەین و نەفرەت لە کوردکوژی بکەین. ئەگەر راستە ئینسان بۆ بەختەوەری تێدەکۆشێ، بەختەوەری لە دەستەڵاتخوازیدا نییە.
من دەزانم کۆنترۆڵکردنی حەزی دەستەڵاتخوازی ئاسان نییە. هیچ دەستەڵاتدارێکیش خۆبەخشانە ئامادە نییە دەستەڵاتدارێتیی خۆی بخاتە ناو کۆنترۆڵی گەل و حوکمی قانونەوە. بۆیە کۆنترۆڵکردنی دەستەڵاتخوازی لەڕێی خەڵکەوەیە. خەڵک دەبێ خۆی رێکبخا و بەهێز بێ. تەنها هێزی خەڵک دەتوانێت دەستەڵاتخوازیی دەستەڵاتداران کۆنترۆڵ بکا.
ئایا کۆمەڵگای کوردی ئەو توانایەی هەیە؟ کاتی بەخۆداچونەوە دەمێکە بەسەرچوە، بەڵام کۆمەڵگا و تاکەکانی هەردەبێ لە خۆیان بڕواننو کۆللێکتیڤانە\دەستەجەمعییانە بیربکەنەوە و ئاکت\کردە بکەن تا کۆنترۆڵی دەستەڵاتخوازی بکەن.
كەمال چۆمانی