دوای 25 ڕۆژ لەبریندارکردنی ئەفسەرێکی کورد تائێستا تۆمەتبار دەستگیرنەکراوەو فەرمانی ده‌ستگیركردنیشى بۆ دەرنەچوە

کوردستان

16 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5786 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای تێپەڕبونی 25 ڕۆژ بەسەر بریندارکردنی ئەفسەرێکی کورد لەپارێزگای میسان هێشتا دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەی دەرنەکردوەو هیچی ئیجرائاتێکی یاساییش لەگەڵ تۆمەتبار نەگیراوەتەبەر، کەسێکی نزیکی ئەفسەرەکەش زانیاری ورد بۆ شارپرێس ئاشکرادەکات.


محەمەد سەباح جاف ناوی ئەو ئەفسەرەیە کە تەمەنی 29 ساڵەو پلەی ملازمی یەکی هەیە لەبەڕێوەبەراتی نەهێشتنی تاوانی پارێزگای میسان کاریکردوە، محەمەد لەبنه‌ڕه‌تدا خەڵکی قەزای خانەقینەو لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا خێزان‌و بنەماڵەکەی ڕاگوێزراون بۆ باشورو ناوەڕاستی عێراق.



محەمەد جاف 25 ڕۆژ پێش ئێستاو لەکاتی ئەرکی فەرمیداو بەجلوبه‌رگى فەرمییەوە لەبەردەم بەڕێوەبەرێتی پۆلیسی نەهشێتنی تاوان درایە بەر دەسترێژیی گولـلەو زۆر بەسەختی بریندارکراو تائێستاش لەنەخۆشخانەیە لەبەغداو ڕۆژ بەڕۆژیش باری تەندروستی خراپتر دەبێت‌و زەبری گەورە بەر مێشک‌و دەمارو چاوی کەوتوەو پزیشکەکان لێی بێهیوابون.

کەسێکی نزیک لەمحەمەد قسەی بۆشارپرێس کردو ئاماژەی بەوەکرد، لەماوەی ئەم 25 ڕۆژەدا هەموو هەوڵێکیانداوە بۆ دەستگیرکردنی کەسی تەقەکەرو تۆمەتبار، بەڵام هەوڵەکان بێسودبون‌و تائێستا بەئازادی دەسوڕێتەوەو کەسیش هیچی پێناڵێت، وەک ئەوکەسە نزیکەی محەمەد باسیکرد، "کەسی تەقەکەر بازرگانێکی دیاری مادە هۆشبەرەکانە لەناوچەکەو کەسێکی ناسراوەو بەرپرسێکی باڵای حکومەت لەپشتیەتی بۆیە دەستگیرنەکراوە".

به‌گوێره‌ى بەدواداچونەکانی شارپرێس، کەسی تەقەکەر ناوی ( ع-م-ج)ەو ئەو ڕۆژەی کە تەقەی لەئەفسەرە کوردەکە کردوە بۆ سەردانی سزادراوێکی مادە هۆشبەرەکان سەردانی گرتوخانەی کردوە کە لەتەنیشت بەڕێوەبەرێتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەو چەکی بردوه‌تە ژورەوەو تەقەی لەمحەمەد کردوە لەبەردەم بەڕێوەبەرایه‌تیه‌كه‌ی خۆیدا.

کەسوکاری ئەفسەرە کوردەکە لەڕێگەی شارپرێسەوە داوایان لەبەرپرسانی باڵای کورد لەبەغدا کرد، بەدواداچون بۆ دۆسیەی کوڕەکەیان بکرێت‌و نەهیڵن ژیان‌و خوێنی کوڕەکەیان بەهەدەر بڕوات‌و تۆمەتبار دەستگیربکرێت‌و سزای خۆی وەربگرێت.

زانیاریەکانی شارپرێس باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، باوکی محەمەد کە به‌سەباح جاف ناسراوە وەک سەرۆک هۆزو گه‌وره‌ى کوردانی پارێزگای سەڵاحەدین تەماشا دەکرێت‌و کەسێکی خاوەن پێگەو بەناوبانگی پارێزگاکەیە.

باوکی محەمەد دەڵێت، "پێمان سەیرە تائێستا بێدەنگی لەتاوانەکە کراوە لەکاتێکدا تۆمەتبار چەکی بردوه‌تە ناو دامەزراوەی سەربازیی‌و ئەمنییەوە کە بۆ سەردانی سزادراو چوەو بەگوێره‌ى زانیاریەکانی ئێمە هەوڵێک لەدەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای میسان دەیانەوێت دۆسیەکە بن پێ بخەن‌و ونی بکەن، بۆیە کەسی تۆمەتباریان دەستگیرنەکردوە".