ئێران زه‌نگى مه‌ترسى كه‌وتنى عێراق لێده‌دات‌و عێراقیشه‌كانیش ئاگادارده‌كاته‌وه‌

جیهان

18 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6752 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌رپرسێكى باڵاى ئێران، عێراق‌و سه‌ركرده‌كانى له‌مه‌ترسییه‌كانى گه‌وره‌ ئاگادارده‌كاته‌وه‌، ده‌شڵێت:"ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ سیناریۆی ڕوخانی سوریا لەعێراق دوبارە بکرێتەوەو هەرێمێکی سوننەش دابمەزرێت".


هەفتەنامەیەکی سەر بەسوپای پاسدارانى ئێران له‌زارى عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانه‌وه‌ ئاشکرایکردوه‌، "لاریجانى لەسەردانەکەیدا بۆ عێراق، فشاری لەبەرپرسانی بەغدا کردوە کە دەبێت سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ڕێگریی لەدەربازبونی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل جێگیربکەن".

هاوکات هۆشداریداوە، ڕەنگە سیناریۆی ڕوخانی سوریا لەعێراق دوبارەبکرێتەوەو هەرێمێکی سوننە دابمەزرێت.

هەفتەنامەی سوبحی سادق کە زمانحاڵی فەرمیی یاریدەدەری سیاسیی سوپای پاسدارانە، لەڕاپۆرتێکدا، ئاماژەی بەسەردانەکەی ئەمدواییەی عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ عێراق کردوەو تێیدا باسی لەچەند هەڕەشەیەکی سەرەکی لەدۆسییەی عێراقدا کردوە کە پەیوەستن بەجەنگی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل.

سوبحی سادق لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەیدا نوسیویەتی، "سەردانەکەی لاریجانی بۆ عێراق پەیوەست بوە بەچوار هەڕەشەی سەرەکی لەسەر ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران‌و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاووتوێی کردون بۆ ئەوەی بەزویی چارەیان بکەن".

سەرەکیترین پرس، پێشێلکردنی سەروەریی ئاسمانیی عێراق‌و هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بوە لەجەنگی 12 ڕۆژەدا، لاریجانی، لەدیدارو گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، نیگەرانی وڵاتەکەی دەربڕیوە لەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەبێ هیچ ڕێگرییەک لەئاسمانی عێراقەوە دەربازی ئاسمانی ئێران بون‌و ئامانجە سەربازیی‌و ئەتۆمی‌و پیشەسازییەکانیان كردوه‌ته‌ ئامانج.

لەو سەردانەدا، لاریجانی فشاریکردوە، کە ئەرکی حکومەتی عێراقە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی جێگیربکەن یان فشاربخەنەسەر ئەمریکا بۆ ڕێگریی لەتێپەڕبونی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل‌و کۆتاییهێنان بەپێشێلکارییەکان.

خاڵێکی دیکە کە عەلی لاریجانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسیکردوە جەختکردنەوە بوە لەڕێککەوتنی هاوبەشی ئەمنی ئێران ـ عێراق؛ لەمەشدا باسی لەمەترسی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردوەو هۆشداریداوە، لەوەی دەبێت ڕێگریان لێبکرێت، ئەگەرنا ئێران مافی خۆیەتی ڕاستەوخۆ هێرشبکاتەوەسەر کەمپ‌و بنکەکانیان، هەروەک چۆن دوای ڕوداوەکانی ساڵی 2022 هێرشی چڕی کردەسەریان.

هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی هەفتەنامەکەی سەر بەسوپای پاسداران ئاشکرایکردوە، دوای باسکردنی مەترسی‌و هەڕەشەکانی سەر کۆماری ئیسلامی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی شیعە باسی لەمەترسیی هێرشی دەرەکی بۆسەر عێراق کردوە.

لاریجانی، بەسەرکردە شیعەکانی عێراقی وتوه‌، "ئەگەری هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ کوشتنی فەرماندەکانی بەرەی مقاوەمەو بۆمبارانکردنی دامەزراوە سەربازیی‌و بنکە ستراتیژییەکان لەعێراقدا هەیە".

هۆشداریشیداوە لەگواستنەوەی چەکداران لەسوریاوە بۆ باکوری ڕۆژئاواو ڕۆژئاوای عێراق کە دەکرێت ببێتە هۆی دروستکردنی ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەر بەناوی (هەرێمی سوننە) کە پلانێکە لەچوارچێوەی دابەشکردنی وڵاتانی ناوچەکەو دروستکردنی پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لەئاسایشیی ئێران.

لاریجانی لەبارەی تێکچونی دۆخی سیاسیی عێراق، هۆشدارییەکی دیکەی بەبەرپرسە شیعەکان داوە؛ پلانگەلێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سیاسیی عێراق یان ڕوخاندنی حکومەتی فیدراڵ هەن، بۆ ئەوەی هەمان سیناریۆی سوریا لەعێراق دوبارە بکرێتەوە. 

هاوکات جەختیکردوەتەوە، بەبونی پێکهاتەی جەماوەری، ئایینییەکان‌و چەکدارانی حەشدی شەعبی، سەرگرتنی ئەو پلانانە قورسن، بەڵام ئەزمونی 14 ساڵ لەململانێ‌و گەمارۆ لەسوریا دەریدەخات، کە سیناریۆیەکی لەوجۆرە، مەحاڵ نییە.

عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ناوەڕاستی ئەم مانگە سەردانی بەغدای کردو دواتر بەرەو لوبنان گەشتەکەی درێژە پێدا.

نوسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لەبارەی سەردانەکەی لاریجانی ڕایگەیاند، لەسەردانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ عێراق، لێکگەیشتنی ئەمنی مۆر کراوە، بێئەوەی وردەکارییەکان بڵاوبکاتەوە.