شارپرێس: نیقاش هێشتا بیابانی خۆرئاوا لەپارێزگای ئەنبار پەناگەیەكی ئارامە بۆ گرووپە چەكدارەكان هەرچەندە حكومەتی عێراق سەركەوتنی كۆتایی بەسەر گرووپەكانی داعش رایگەیاندووە. هێزە ئەمنییەكانی عێراقو هێزە پشتیوانەكانیان لە حەشدی شەعبیو حەشدی عەشایری توانیان تەواوی ئەو شارانەی عێراق ئازاد بكەن كە لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2014 دا لە پارێزگاكانی ئەنبارو سەڵاحەدینو نەینەواو دیالەو كەركوك كەوتنە دەستی داعش دوایینیشیان قەزای راوە (350 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت)و جەزیرەی نەینەواو ئەنباربوون ئەویش دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هەمەلایەنانەی بەشی زۆری توانا مرۆییو ماددییەكانیی وڵاتیان داچۆڕاند. رەنگە زۆر زوو بێت بۆ راگەیاندنی سەركەوتنی كۆتایی بەتایبەتی كە بیابانی ئەنبار درێژ دەبێتەوە بۆ سەڵاحەدینو نەینەوا لە باكوورو هەردوو پارێزگای كەربەلاو نەجەف لە باشووری خۆرئاوا، ئەمە جگە لە تێكەڵبوونی سنوورەكەی لەگەڵ سوریاو ئوردنو سعودیە ئەمەش وایكردووە ببێتە پەناگەیەك بۆ گرووپەكانی داعش بە دانپێدانانی زۆرینەی فەرماندە ئەمنییەكان كە لە زیاتر لە بۆنەیەكدا ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە پرۆسەی پاككردنەوەی بیابانەكە پێویستی بە هەماهەنگیەكی بەرزو توانای پێشكەوتوو هەیە كە عێراق هێشتا نیەتی. لیوا تارق عەسەل فەرماندەی پێشووی پۆلیسی ئەنبار كە یەكێكە لە فەرماندەكانی حەشدی عەشایری لەوبارەیەوە قسەی بۆ "نیقاش" كردو وتی: "مافی ئەوەمان هەیە شانازی بەو سەركەوتنانەوە بكەین كە هێزە ئەمنییەكانمان بەدەستیان هێنا لەڕێی ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازیانەی ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ درێژەیان كێشاو سەرەنجام ئازادكردنی هەموو ئەو شارانەیان لێكەوتەوە كە رێكخراوی داعش داگیری كردبوونو ئێستا خاوەنی سەروەری تەواوین بەسەر خاكەكەماندا". وتیشی: "دەبەنگییە باسی خاڵیبوونی عێراق بكەین لە گرووپەكانی داعش، چونكە هێشتا شانە نووستووەكانو مۆڵگەكان لەناوەوەو دەرەوەی شارەكاندا هەن، هەرچی ئاهەنگگێڕانەكانیشە ئەوا ئاهەنگی كۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانو تەواوكردنی ئەركی هێزە ئەمنییەكانن لە ئازادكردنی شارەكاندا". عەسەل وتیشی: "هیچ دەوڵەتێك تەنانەت لە ئەوروپاش ناتوانێت پێداگری لەسەر ئەوە بكات كە وڵاتەكەی خاڵییە لە رێكخراوی داعش، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەم رێكخراوو گرووپانە شانەی نووستوو مۆڵگەیان هەیە یارمەتیدەرن لە مانەوەیانو گەشەكردنیان، لەو روانگەیەشەوە ئەم گرووپانە دەتوانن ئەو بۆشاییە ئەمنیو فەوزاو ئاڵۆزیانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە كە لە هەر دەوڵەتێكدا روودەدەن". ئەو وتەزایەی دەڵێت "خەڵكی مەككە لە هەموو كەس زیاتر شارەزای ناوچەكەن" ئێستا بەسەر دانیشتووانی پارێزگای ئەنباردا جێبەجێ دەبێت سەبارەت بە سەركەوتنی كۆتایی، چونكە كەسێكیان نابینیت زۆر دڵخۆش بێت یاخود هەستی بە شادی سەركەوتن كردبێت، لەبەرئەوەی هێشتا هەندێك رێگا لە دانیشتووانی ناوچەكەو هێزە ئەمنییەكان قەدەغەن، چونكە مەترسیدارنو هێشتا لەژێر كۆنترۆڵی داعشدان. عاید نەمراوی (42 ساڵ) خاوەنی چێشتخانەیەكی گەشتیاریە لە ناوچەی كیلۆ 160 لەسەر رێگای نێودەوڵەتی نێوان بەغدای پایتەختو سنووری سوریاو ئوردن، ئەو وای نابینێت سەركەوتنی تەواو بەدیهاتبێت بەتایبەتی كە دەبینێت هێشتاجموجوڵی گەشتیاران لەسەر ئەو رێگایە نەبوژاوەتەوەو ناكرێت لە چەند رۆژی داهاتووشدا ببوژێتەوە بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەكانی داعش وەك خۆی دەڵێت. نەمراوی بۆ "نیقاش" دواو وتی: "هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ ئەوەی پارێزگاكە لە داعش رزگاری بووبێت، دەبینم بارهەڵگرە بازرگانیەكان لەژێر پارێزگاری هێزە ئەمنییەكاندا هاتووچۆ دەكەن، تەنانەت هێزە ئەمنییەكانیش ناتوانن لەو رێگایەوە بڕۆن بەبێ پارێزگارییەكی ئەمنی چڕ". هەروەها دەشڵێت: "دەكرێت كاتێك هەست بەوە بكەین كە سەركەوتنی كۆتایی هاتووەتەدی وچیتر داعش هەڕەشە لەسەر شارەكانمان دروست ناكات كە ببینم ژیان گەڕاوەتەوە بۆ ئەم رێگایە وەك چۆن جاران شەوان بەبێ ترسی گرووپە چەكدارەكان هاتووچۆمان دەكرد، بەڵام ئەمڕۆ هەر لە سەعاتەكانی سەرەتای شەوەوە رێگای نێودەوڵەتی بەتەواوی دادەخرێتو بە رێگای مەرگ دادەنرێت". عیماد دلێمی قایمقامی روتبەش پێی وایە قسەكردن لەبارەی خاڵیبوونی پارێزگاكە لە گرووپە چەكدارەكان كارێكە لەگەڵ واقیعدا یەكناگرێتەوە، بەتایبەتی كە قەزای روتبە (450 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) دووچاری هێرشی بەردەوام دەبێتەوە ئەگەرچی سادەشن، بەڵام بە هەڕەشەیەكی بەردەوام دادەنرێن كە ناكرێت فەرامۆش بكرێن. دلێمی لەوبارەیەوە بە "نیقاش"ی وت: "بەهۆی بڵاوبوونەوەی چڕی هێزە ئەمنییەكان شتێكی بەڵگەنەویستە لە ئێستادا رێكخراوی داعش ون ببێت، بەڵام لە كاتی كۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانو گەڕانەوەی ئەم هێزانە بەبێ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی یاخود ریشەكێشكردنی داعش لە بیابان، گرووپە چەكدارەكان دەرفەتێكی زێڕینی دیكەیان لەبەردەمدا دەبێت كە بواریان بۆ دەڕەخسێنێت هەڕشە لەسەر شارەكان دروست بكەن یان جارێكی تر بچنە ناویانەوە". ئەنبار گەورەترین پشتێنەی سنووری هەیە كە دەگاتە (1200 كم)و دەكەوێتە ناوچەیەكی بیابانی تێكەڵی نێوان هەرسێ دەوڵەتی سوریاو ئوردنو سعودیە، ئەمەش وادەكات ئەو فەرماندە ئەمنییانەی پاراستنی ئەو سنوورەیان پێ سپێردراوە لەبەردەم ئاڵنگاریەكی گەورەدا بن كە لەتوانا لۆجستیو مرۆییەكانیان زیاترە. ماجد ئەمجەد (51 ساڵ) یەكێكە لە كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری ئەنبارو پێی باش بوو بەناوێكی خوازراوەوە قسە بۆ "نیقاش" بكات، ئەو دووپاتی كردەوە "ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدانو لە سەرچاوە تایبەتەكانمانەوە بەدەستمان دەگەن ئەوە دووپات دەكەنەوە كە گرووپەكانی داعش هێشتا دۆڵەكانی بیابانو رووبەرە بەرفراوانەكانیان كردووەتە بارەگای خۆیان، بەڵكو بەشێوەیەكی نیمچە رۆژانە چاودێریان دەكرێت كە زۆر بە ئازادانە لە ناوچە بیاباناویەكاندا جموجوڵ دەكەن ئەویش بە قۆستنەوەی بێ توانایی هێزە ئەمنییەكان لە راوەدوونانیان لەو رووبەرە بەرفراوانەدا". هەروەها وتیشی: "لەدوای ئازادكردنی قائیمەوە ساتری گڵینو بەربەستی كۆنكرێتی بەدرێژایی پشتێنەی سنووری نێوان عێراقو سوریا دانراون، ئەم رێوشوێنانە بە گوێرەی چوارچێوە سەربازییە ناسراوەكان رێ لە دزەكردنی تیرۆریستان ناگرن، تا مەخفەری سەر سنوور دانەنرێت كە ئەركی چاودێریكردنو بەرپەرچدانەوەی هەر دزەكردنێك بگرێتە ئەستۆ، ئەم كارەش لە ئێستا زەحمەتە جێبەجێ بكرێت لەبەرئەوەی داعش بوونی هەیەو كۆنترۆڵی تەواوی بیابانی كردووە".