بیرەوەرییەكانی كەوتنی موسڵ.. ئەو رۆژەی ئەبوبەكر بەغدادی دەركەوت

عیراق

11/06/2018‌ 2044 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: (كەركوك ناو)
كاتێك پاسەوانەكانی ئەبوبەكر بەغدادی چەند جارێك‌و یەك لەدواییەك تەلەفونیان بۆ شێخ حمود عومەر هیلال، پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی نوری لەموسڵ دەكرد، ناوبراو لە حەمامی ماڵەكەی خۆیدا خۆی دەشۆرد، بۆیە نەیتوانی وەڵامبداتەوە، ئەو رۆژە سەرەتای “وێرانكاریی”، بوو لەموسڵ. 

كاتژمێر 11ەو نیوی پێشنیوەڕۆی 5-7-2014، شێخ حمود عومەر، وتاری هەینی ئامادەكردو بۆ مزگەوتی گەورەی نوری‌و منارەی حەدبا بەڕێكەوت، هەینییەكی ئاسایی نەبوو، زۆرێك لەشەقامەكان بەهێزی چەكداری داعش تەنرابوون‌و لەدەوروبەری مزگەوتەكە بڵاویانپێكرابوو.

"كاتێك نزیكبوومەوە بینیم قوفڵی دەرگای سەرەكی مزگەوت‌و تەواوی ژوورەكانی شكێنرابوون، ئەو ئایەتانەی لەحەرەمی مزگەوتەكە هەڵواسرابوون دڕێندرابوون‌و لكێرابوونەوە”، شێخ حمود بۆ (كەركوك ناو) وتی “روومكردە یەكێك لە پاسەوانەكان‌و وتم بۆ ئەو ئایتانە لێكراونەتەوە وتی ئەوە بەپیتی زەخرەفە نووسراون‌و لە دینی ئیسلامدا رێپێدراو نییە".

شێخ حمود ئەوكات بێدەنگدەبێت‌و تێدەگات، كە ئەو تەلەفونانەی بۆی كرابوون پاسەوانەكانی ئەبوبەكر بەغدادی بوون، چەكدارێكی داعش لەناو مزگەوتە روودەكاتە شێخ حمودو پێیدەڵێت “خۆمان وتاری هەینی دەخوێنین".

داعش لەتروپێكی بەهێزیدابوو، 25 رۆژ بوو دەسەڵاتی لەموسڵ گرتبووە دەست، دوای ئەوەی لە 10-6-2014ەو لەماوەی تەنیا شەو و رۆژێكدا بە بێ بەرگرییەكی ئەوتۆ دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق (موسڵ)ی كۆنترۆڵكرد.

مزگەوتی گەورەی نوری لەموسڵ كۆنترین‌و گەورەترینە لە سەنتەری شار، ئەو رۆژە تا دەهات قەرەباڵغتردەبوو، هەندێك لەو كەسانەی دەهاتنە مزگەوتەكەوە پێشتر لەوێ نەبینرابوون، هەروەها بەردەم حەرەمی مزگەوتەكە ئەو كەسانە نەبوون، كە هەینییەكانی تر لە پشتی شێخ حمودەوە نوێژیان دەكرد.

شێخ حمود، كە لە ساڵی 2009وە لەو مزگەوتە وتار دەدات‌و پێشنوێژی دەكات، وتی “رێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتبووەبەر، مۆبایلیان بە هەموو كەس دەكوژاندەوە، هەر كەسێك بیویستایە بچێتە سەر ئاو ئەوە كەسێك لەو گروپە تا بەر دەرگا لەگەڵی دەڕۆیشت، كاتێك مۆلیدەكەیان داگیرساند چەكدارێكی داعش لەگەڵیان دەڕۆیشت‌و وتیان كەس بۆی نییە وێنەبگرێت… هەروەها تەواوی تۆڕەكانی پەیوەندی تاوەكو كاتژمێر 5ی ئێوارە نەبوون.

شێخ ئیبراهیم عەواد (ئەبوبەكر بەغدادی) دەركەوت
دوای ئەوەی لەڕیزی پێشەوەی نوێژخوێنان، كەسێكی خۆیان بانگی نیوەڕۆیدا، دواتر كەسێكی تریان هەستایە سەرپێ‌و وتی: "ئێستا شێخ ئیبراهیم عەواد وتاری رۆژی هەینیتان بۆ دەخوێنێت".

شێخ ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم سامەرائی ناسراو بە (ئەبوبەكر بەغدادی) دەچێتە مینبەری مزگەوتەكەو وتارێكی 15 خولەكیدا.

جگە لە باسكردنی مانگی رەمەزان، كە چەند رۆژێكی كەمی مابوو و بەغدادی باسی خێری شەوی لەیلەتولقەدری كردو دواتر داوای “جیهادی كرد لە پێناو خوادا”، هەرلەوێ خەلافەتەكەی راگەیاند.

شێخ حمود لەمزگەوتەكە دەمێنێتەوەو وەكو هەر نوێژخوێنێك گوێ بۆ وتارەكەی بەغدادی دەگرێت، وتی “بەغدادیم نەدەناسی‌و ناوبانگیم نەبیستبوو، لەگەڵ تەواوبوونی وتارەكەیی‌و هاتنەخوارەوەی زۆرێك لە ئامادەبووان رۆیشتنە نزیكییەوەو تەوقەیان لە گەڵی كردو ماچییان دەكرد”، زیاتر وتی “ئەو (بەغدادی) دوای نوێژی بە كۆمەڵ دەستبەجێ مزگەوتەكەی جێهێشت”.

ئەو وتیشی: ئەوكات سەرەتای دەسەڵاتی رێكخراوی داعش بوو، خەڵكی زۆر پشتیوانی لێدەكردن، “مزگەوتەكە بەڕادەیەك قەرەباڵغ بوو، بەنیو كاتژمێر ئینجا رێگەی چوونەدەرەوەت هەبوو”.

دیوانی مزگەوتەكانی داعش بۆ رۆژی دواتر، شێخ حەمود ئاگاداردەكەنەوە، كە نابێت چیتر لە مزگەوتی گەورەی نوری وتاربدات‌و پێشنوێژی بكات، “وتیان خۆمان كەسێكی دیكە دەستنیشاندەكەین، ئەگەر هەر سكاڵایەكت هەیە لە سەر بڕیارەكەی ئێمە ئەوە دەتوانی لە (دیوانی زوڵملێكراوان) سكاڵا بكەیت”، شێخ حەمود لە ماڵەوە دادەنیشێت‌و چیتر ناچێتەوە ئەو مزگەوتە.

وتارەكەی بەغدادیی‌و راگەیاندنی خەلافەت كاریگەری ناوخۆیی‌و دەرەكی گەورەی بەدواداهات. لە یەكەم كاردانەوەیدا وەزارەتی دەرەوی ئەمریكا لەڕێگەی جێن ساكی، وتەبێژی ئەوكاتی وەزارەتەوە رایگەیاند “ستراتیژی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ گەشەپێدان بە خەلافەتێك لە ناوچەكە روونە، لەبەرئەوە ئێستا كاتێكی گرنگە بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەست لەدەستی یەكتربنێن‌و پێش بە دەوڵەتی ئیسلامی بگرن‌و نەهێڵن پەرەبسێنێت”.

مەترسییەكانی ئەمریكا‌و عیراق‌و ناوچەكە لەجێی خۆیدابوو، بە چەند مانگێكی كەم داعش گەیشتە چوار پارێزگای تری عیراق (كەركوك، سەڵاحەدین، ئەنبار، دیالە)، هەروەها بووە مەترسی لەسەر بەغدای پایتەختی عیراق‌و هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.

بەوهۆیەوە هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی لە دژی ئەو رێكخراوە بە سەرپەرشتی ئەمریكا راگەیەنرا‌و تائێستاش لە عیراق‌و سوریا پشتیوانی‌و هاوكاریی هێزە شەڕكەرەكانی دژ بەو رێكخراوە دەكەن.

لەسەرەتادا زۆربەی خەڵكی موسڵ قسەكانی چەكدارانی داعشیان بە دڵ بوو، بەڵام كردەوەكانیان بەدڵ نەبوو كە جیاوازی زۆر لە نێوان قسەو كردارەكانیاندا … 

"لەسەرەتادا زۆربەی خەڵكی موسڵ قسەكانی چەكدارانی داعشیان بە دڵ بوو، بەڵام كردەوەكانیان بەدڵ نەبوو كە جیاوازی زۆر لە نێوان قسەو كردارەكانیاندا هەبوو… چونكە بەبیانووی بوونی پەیوەندی بە سوپاو هێزە ئەمنییەكانی عیراقەوە، ماڵی خەڵكیان دەسوتان‌و ئۆتۆمبێلەكانیان دەبردن، بۆیە كۆچكردن دەستیپێكرد”، شێخ حەمود كە مانەوەی لە موسڵ هەڵبژارد وای وت.

ئەو هەرچەندە چاوەڕوان بوو بگەڕێتەوە مزگەوتی گەورەی نوری‌ و منارەی حەدبا، بەڵام خەونەكەی بەتەواوی نەهاتەدی، داعش لە 21-6ی 2017 مزگەوت‌و منارەكەی تەقاندەوە.