ژمارەی ترسێنەر.. بودجەی گشتی عێراق یەكەم بەربەستی بەردەم عەبدولمەهدی

عیراق

15/11/2018‌ 4972 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
حكومەتی عادل عەبدولمەهدی رەشنووسی بودجەی فیدراڵی بۆ عێراق ساڵی 2019 پێشكەشی پەرلەمانی كرد، بە مەبەستی پەسەندكردنی، بەڵام رووبەڕووی رەتكردنەوەیەكی گەورە بووەوە لەلایەن ژمارەكی زۆر لەئەندامانی پەرلەمان لە سەرجەم پارێزگاكان و رەخنەیەكی زۆر لەمادەو بڕگەكانی گیراوە و پێوەر بۆ پارێزگاكانیان بەرچاو نەگیراوە.

ئاڵینگارە زۆرەكان
حكومەتی عەبدولمەهدی رووبەرووی یەكەم ئالینگار دەبێتەوە بۆ چوار ساڵی داهاتوو، بودجەی گشتی یەكەمین رووبەرووبوونەوەیە لەنێوان حكومەت و پەرلەمان لە ژێر سایەی حكومەتێكدا، كە تاكو ئێستا نەیتوانیوە پیكهاتەی خۆی تەواو بكات.

ئەندامانی پەرلەمان داوای گەڕانەوەی رەشنوسەكە دەكەن بۆ پەرلەمان، بەڵام بە پێی رێككەوتنەكانی نێوان پەرلەمان و حكومەت روو لە پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش كراوە لەهەردوولا بۆ خستنە بەرباسی گازندەكان‌و ئەنجامدانی گۆڕانكاری پێویست، ئەمەش بە پێی قسەی ئەندام پەرلەمان و ئەندامی لیژنەی دارایی " فەیسەل عیساوی".

ناوبراو بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن ئەوەی خستە روو، رەشنووسی پرۆژەی بودجەی گشتی بە 134 تریلیون دیناری عێراقی پێشنیار كراوە بۆ وڵات، بودجەی گشتی، كە بە شێوەیەكی رەها پشتی بە كەرتی نەوت بەستووە، بە نرخی 56 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، كە دیارە زۆرترین رەخنەكان لەلایەن ئەو ئەندام پەرلەمانانەوە گیراوە، كە ناوچەكانیان لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بووە.

عیساوی ئەوەشی روون كردەوە رەخنەكان لەسەر بودجەی گشتی لەدوو خاڵی سەرەكیدا خۆی دەبینێتەوە: یەكەمیان میتۆدو بەرنامەی حكومەت لەگەڵ خەرجكردنی بودجەكەدا یەكناگرێتەوەو لێك دوورن و هەندێك ناروونی تێدایە، دووەمیان: پرۆژە یاساكە داواكاری‌و خزمەتگوزاری پارێزگاكانی پشتگوێ خستووە، كە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون، ئەوانیش موسڵ و ئەنبارو سەڵاحەدینن، لەسەر ئەم بنەمایە ئەندامانی پەرلەمانی ئەم پارێزگایانە داوای هەمواركردنەوەی ئەو خالانەیان كردووە، كە ناگونجێت لەگەڵ پێداویستییەكانیاندا.

بودجەكانی بەكاربردن‌و وەبەرهینانی پارێزگای نینوی لەپرۆژە یاساكەدا 142 ملیار دیناری تێنەپەراندوە، پارێزگای ئەنبار 136 ملیاری بۆ دانراوە ، سەلاحەدین 163 ملیار و هەندێ پارێزگای تر دوو ئەوەندەی بۆ تەرخان كراوە.

پارێزگای پێشویو نینوی ئەسیل نوجەیفی لە لێدوانیكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن وتویەتی "بەشی پارێزگای نینوی بەپێی دەستووری عێراقی پشتی بەژمارەی دانیشتوان بەستووە لە دابەشكردنی بودجەی گشتیدا و دەگاتە 10% لە پاش بڕینی خەرجیەكانی سیادی، كە خۆی لە وەزارەتەكانی دەرەوەو بەرگری و ناوخۆدا دەبینێتەوە و لە ساڵانی رابردووشدا بەشی خۆی پێنەدراوەو لە ساڵانی پێش 2014 بودجەكەی 2% ی تێنەپەراندوە، لە كاتێكدا رەشنووسی بودجەی ئێستا 0.2% ی بۆ پارێزگاكە تەرخان كردوە، ئەمەش وا دەكات پرۆسەی ئاوەدانكرنەوەی ئەو شارە نەكریت. بە پێی زانیاریەكانی نوجەیفی پاریزگای نەینەوا بۆ ئاوەدانكردنەوەی نەخۆشخانەكان و ژێرخانەكەی پێویستی بە 3.5 ملیار دۆلارە، كەچی ئەم بودجەیە هیچ بەندیكی لە خۆ نەگرتوە دەربارەی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگا وێرانكراوەكان.

دیارە گازندەكان تەنیا لەسەر پارێزگا ناوبراوەكان نین، بەڵكو ژمارەیەك پەرلەمانتاری پارێزگاكانی بەسرەو نەجەف گازندەیان لەسەر بودجە هەیە، لەوانە پەرلەمانتار "انتصار الموسوی" لەسەر پارێزگای بەسرە رەخنەی لەسەر بودجە هەیە، بەوەی بەشی شارەكەی لە داهاتی خاڵە سنوریەكانی تێدا نیە، موسەوی لە لێدوانێكدا رایگەیاند ئەنجومەنی نوێنەران بەم شێوەیەی ئێستا بودجە پەسەند ناكات، و بودجەكە پێویستی بە كات و هەمواركردنی زۆرتر هەیە لە برگەكانیدا. داواكاریەكی تریش لەلایەن كوتلەی سائیرونەوە ئەوەیە؛ پیویستە لەسەر حكومەت حساباتی تەواوكاری شەش ساڵی رابردوو پێشكەشی پەرلەمان بكات.

ژمارەی ترسێنەر
شارەزاو شیكاركاری ئابووری "باسم جمیل" لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئەوەی خستووەتەروو، ئەو زیانانەی عێراق لە ئەنجامی هێرشەكانی داعشەوە بەری كەوتوە لە 200 ملیار دۆلار كەمتر نییە، لەوانە ئەو زیانانەی بەر دامەزراوە سەربازیەكان و ماڵ و موڵكی گشتی و تایبەت كەوتووە.


ئەوەشی روونكردووتەوە، ئەو زیانانەی بەر پارێزگاكان كەوتووە لەئەنجامی شەری داعش حكومەت بە شێوەیەكی دروست نایزانێت، سەرەتا بە 30ملیار دۆلار خەمڵاندویەتی و پاشان لە كۆنگرەی كوەیت بە 88 ملیار، بەلكو زیانەكان زۆر لەوە زیاترو گەورەترن.

كێشەی یاسایی
باسم جمیل بروای وایە، ئەوانەی گازندە لە بودجەی گشتی دەگرن هیچ پێشنیارو جێگرەوەیەكیان پێ نیە، و هەستیان بەوە نەكردوە كە بودجە بە هەردو بەشەكەیەوە بەكاربردن و وەبەرهێنان هەندێ هەمواركردنەوەی تیدا ئەنجامدراوە لە پاش ئەوەی چەند وەزارەتیكی خزمەتگوزاری جیاكرانەوەو ئەركەكە خرایە ئەستۆی پاریزگاكان".

ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق " عمار كازم" بروای وایە هەندێ شتی یاسایی وای كرد لەلایەن هەندێ لە ئەندامانی پەرلەمانەوە رەخنە بگیرێ، و روونی كردەوە ئەو پارانەی لە بودجە بۆ پارێزگا ئازادكراوەكان دانراوە؛ وا دەردەكەوێ گرنگی نەدرابێ لە هەندێك لە وردەكاریەكان لە بەكاربردن و وەبەرهێناندا. ئەوەشی ئاشكرا كرد، سێ پارێزگا ئازاكراوەكە بەهۆی بەردەوام بوونی پرۆسەی ئازاد كردنەوە؛ ئەو یاسایەی تێدا جێبەجێ نەكراوە وەك ئەوەی لە یاسای پارێزگاكاندا هاتوە لە جێبەجێكردنی لامەركەزی ئیداری، بەوەی پەیوەندی پسا بێت لە نێوان دائیرە خزمەتگوزاریەكان لە شەش وەزارەت و خستنە سەر پارێزگاكان.

ناوبراو ئەوەشی گوت، لە ئەنجامی نەمانی ئەو پەیوەندیە لە بەغداو پارێزگانی تر –ئەوەی یاساكەی تێدا جێبەجێكراوە- بودجەی بەكاربردنی دائیرەكانی چۆتە سەر تەرخانكردنەكانی پارێزگاكان، لە كاتێكدا بودجەی بەكاربردن بۆ دائیرە خزمەتگوزاریەكان لە پارێزگا ئازادكراوەكاندا لەناو بودجەی وەزارەتەكانی ئیتحادیدا ماوەتەوە، بۆیە دەبینرێ جیاوازیەكی زۆر هەیە لە نێوان بودجەی نینوی و بەسرە بۆ نمونە.

كێشەكان هەرچی بن دەربارەی پرۆژەی بودجەو بریار لێدانی، شیكار كاری سیاسی " ریاز الزبیدی" وای دەبینی، بودجە ئەم ژمارە راگەیانراوەیەوە ناتوانێ پارێزگاكان بگەڕێنێتەوە سەر دۆخی جارانی، حكومەتیش بە بەرپرس دەزانێ بەوەی ئەركی شەرشانی ئەنجام بدات و وەبەرهێنانی بیانی بهێنێتە وڵاتەوە لە پێناو چاككردن و هەستانەوەی ئەو واقیعە وێرانكەرەی پارێزگاكانی تێدایە.