جێگەی هێزە ئەمریكییەكان دەگرنەوە
ئیمارات‌و میسر هێزەكانیان لەمەنبەج جێگیردەكەن

کوردستان

01/01/2019‌ 5315 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
پێگەی دیبكای ئیسرائیلی راپۆرتێكی بڵاوكردەوە، تێیدا باسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات لە سوریا، هەروەها سەردانیكردنی ئەفسەرە میسری و ئیماراتییەكانیش ئاشكرا دەكات بۆ شاری مەنبەج لە باكووری سوریا، بۆ ئەوەی هێزەكانیان لەو شارە بڵاوەپێبكەن و جێگای هێزە ئەمەریكییەكان بگرێتەوە.

پێگەكە بڵاویشیكردەوە، ئەمەریكا لەگەڵ ئەوەی بریاری كشانەوەی هێزەكانیداوە، بەڵام بەشێوەیەكی كۆتایی ناوچەكە بەجێناهێڵێت، بەتایبەتی دوای ئەو دیدارەی نێوان سیناتۆر لیندسی گراهام و دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەو وڵاتە لە رۆژی دووشەممە، كە تێیدا گفتوگۆیان دەربارەی دۆسییەی كشانەوەی هێزەكان كردبوو لەسوریا.

لەدیدارەكەدا، سیناتۆری كۆماری لیندسی گراهان وتی: ترامپ ئامادەیی دەربڕیوە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بەشێوەیەكی لەسەرخۆ، ئەمەش لەپێناو شكستپێهێنانی رێكخراوی داعش بەشێوەیەكی تەواوەتی و كۆتایی. 

ئەو دڵنیایشی داوە لە پابەندبوونی ئەمەریكا بەشكستپێهێنانی داعش و لەپێویستی كۆتایی هاتنی كارەكە تێدەگات.

پێگە ئیسرائیلییەكە روونیكردووەتەوە لەسەر ئاستی دیبلۆماسی، كوشكی سپی گفتوگۆی بەردەوامی كردووە لەگەڵ جێنشینی ئەبو زەبی – محەمەد بن زاید- و سەرۆكی مسر – عەبدولفەتاح سیستی - دەربارەی بڵاوپێكردنی هێزە میسری و ئیمارتییەكان لەو ناوچانەی ئێستا هێزە ئەمەریكییەكانی لێیە، ئەمەش بە رێككەوتن لەگەڵ هێزە كوردییەكان و دابینكردنی دژەفڕینێكی ئەمەریكی دژی هەر هێرشێكی روسی‌و سوری و توركی. 

ئەوەش روونكراوەتەوە، سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد رەزامەندە بەهەبوونی هێزی میسری و ئیماراتی لەناوچەكەدا، لەبەرئەوەی قاهیرە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا پشتیوانی دیمەشقی كردووە. 

سەرەرای ئەوەش پێدەچێ سوریا رازی بێت بە هەبوونی هێزی ئیماراتی، چونكە دوبەی دەتوانێت لە پرۆسەی دووبارە بنیادنانەوەی وڵاتدا بەشداری بكات و لەم دوایەشدا بالوێزخانەكەی لە دیمەشق كردەوە.

هەروەها ئەو پێگەیە ئاماژەی بەوە كردووە هەبوونی هێزی میسری و ئیماراتی بواری هەبوونی سەربازی عەرەبی دەرەخسێنێت لە رووبەرووبوونەوەی هەژموونی سەربازی ئێران لە سوریادا.

لەكۆتاییدا ماڵپەرەكە ئاماژەی بە قسەی سیناتۆر گراهام كردووە، كە وتویەتی "تا ئێستاش بە جدی بیر لە دۆخی سوریا و چونییەتی كشانەوەی هێزەكان دەكاتەوە، لەهەمان كاتیشدا دەیەوێت بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی بەدیبێت".