ئەفسەرێكی توركیا ترامپ لەمەترسییەكانی ئەردۆغان ئاگاداردەكاتەوە

کوردستان

04/01/2019‌ 7648 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان حاجی قادر
سەرۆكی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی توركی پێشوو هۆشداری دەداتە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بەرەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا ئاگاداردەكاتەوە، بەوەی سەرۆكەكەی توركیا تەنیا خەمی تێكشكاندنی كوردەكانە، نەك لەناوبردنی تیرۆرستان.

ئەو ئەفسەرە لەلێدوانێكی ڕووی ڕاستەقینەی ڕژێمی توركیاو سەرۆكەكەی (ئەردۆغان)ی خستووەتەروو، كە لە ڕێگەی میدیاكانی ئەمریكاشەوە پەیامێكی هۆشداركردنەوەی ناردووە بۆ سەرۆكی ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوا، بەوەی ئەردۆغان تائێستاش تیرۆرستەكانی لەئامێز گرتووە و هاریكاریان دەكات بۆ گەیشتن بە نیاز و ئامانجەكانی خۆی لە ناوچەكە.
 
ئەو ئەفسەرە ناوی "ئەحمەد یاڵا"یەو سەرۆكی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێشووی توركیا و مامۆستای یاریدەدەر لەزانكۆی ((دسیلیلیز)) ی ئەمریكی لەوتارێكیداـ كە لەگۆڤاری ( فۆرین پۆڵیسی)) ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، هۆشداری ئەوەشی داوە ئەمریكا ناتوانێت پشت بەتوركیا ببەستێت بۆ بەزاندنی داعش لە سوریا، جەختی لەوەش كردووەتەوە ئەوەی سەرۆكی توركیا مەبەستیەتی تەنیا و تەنها تێكشكاندنی كوردەكانە نەوەك تیرۆرستان.
 
 یاڵا وتارەكەی بەهاوبەشی لەگەڵ ((كولین كلارك))ی شارەزا لەسەنتەری سوفیان و دامەزراوەی ڕاند بۆ توێژینەوەكان نووسیوەو ئەوەی ڕوونكردەوەتەوە پلانەكانی تڕامپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كێشانەوەی هێزەكانی لەسوریا واتای ئەوەیە پشت بە توركیا دەبەستێت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەم هەنگاوەش هەلی دووبارەگەڕانەوە بۆ تیرۆرستەكان دەڕەخسێنێت لەقۆناغی هەستیاری جەنگی تیرۆردا. 

سەبارەت بەلێدوانەكانی ترامپیش ، كە وتوویەتی ئەردۆغان لەوە دڵنیاییكردووەتەوە داعش لە سوریا لەناودەبات، یاڵا ڕەخنەی زۆر لەو لێدوانانە‌ دەگرێت‌و نووسیویەتی: ئەنقەرە هەمیشە خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش پاراستووە، لە بری ئەوەش هەموو وزە و توانستی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كوردەكان‌و نەیارانی ئەردۆغان تەرخانكردووە. 

ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە، كە بە‌درێژایی ساڵانی ڕابردوو توركیا گەمەیەكی دووسەرەی بەڕێوەبردووە، چونكە ئامانجی سەرەكی ئەردۆغان ڕێگرییە لەكوردەكانی سوریا لەوەی بوونیان هەبێت لەرۆژئاوا و لە خەمی ئەوەشدا بووە دروازەیەكی وەك ئەوەی سنەوری باشووری توركیا دابمەزرێنێت.

هەروەها دەڵێت: توركیا وا لە یەكینەكانی پاراستنی گەل دەڕوانێت یاخیبووی مەترسیدارن و داوای جیابوونەوەی كوردەكان دەكەن لەتوركیا، دەشیانەوێت دەوڵەتێكی سەربەخۆ دابمەزرێنن، كەچی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كوردەكان وەك هاوبەشێك دەبینێت، كە یارمەتیدەرن بۆ وەدەرنانی داعش لە سوریا  - ئەمەش ئامانجە سەرەكییەكی ئەمریكییەكانە، كە 4 ساڵ پێش ئێستا هێزە سەربازییەكانیان لەسوریا بڵاوەپێكردووە.

سەبارەت بەشەڕكردن لەگەڵ داعشیش ئەو ئەفسەرە دەڵێت: توركیا شانازی بەوەوە دەكات سوپایەكی بێشوماری هەیە، بەڵام ئەمە تەنیا لەسەر كاغەز ڕاستە، چونكە دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەكانی توركیا بەدەست ناسەقامگیری و درز و كەلێنی زۆری سەركردایەتی‌ سەربازییەوە‌‌ دەناڵێنن ‌لەو ساوەی  ڕژێمەكەی ئەردۆغان هەڵمەتی پاكتاوكردنی لەوڵاتدا دەستپێكردووە لە ئاكامی هەڵگەڕانەوە سەربازەیەكەی یۆلیۆی 2016 دژ بە ئەردۆغان. 

باسی لەوەش كردووە، ئاكامی ئەو هەڵمەتی سەركوتكردنەش كە پۆلیس و سوپا و بواری دادوەری و بورارەكانی دیكەشی گرتەوە، دەوڵەتی دایە دەست فەرمانبەرانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگری ناشارەزا، كە ڕانەهێنرابوون، ئەوانیش بە زۆری بە دەست كەموكوڕی مەترسیدارەوە دەناڵێنن و مافەكانی مرۆڤیش پێشێل دەكەن.

هاوكات جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە لە ڕواڵەتدا وادێتە بەرچاو كتوركیا خاوەن بەرژەوەندییەكی جێگیرە لە لەڕەگەوەهە‌ڵكێشانی گروپە تیرۆرستییەكان لەسەر خاكی توركیاـ بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك دۆست تەماشای ((دوژمنی دوژمنەكەی دەكات))‌‌، بۆیە بەوچاوە تەماشی داعش دەكات ئەو ڕێكخراوە سەرچاوەیە بۆ ((ستراتیژیەتێكی قووڵ)) دژ بە كوردەكان، ئەو بەهەمان دیدی هەواڵگری پاكستان بۆ بزووتنەوەی تاڵیبان تەماشای داعش دەكات.

لەدرێژەی نووسینەكەی ئەفسەرەكە دەڵێت: ئەنقەرە ڕێگەی بەچەكدارانی داعشدا دووبارە تۆڕی پەیوەندییەكانیان لەتوركیا بنیات بنێنەوە، بۆیە ئاكامەكانی ئەو كارە كارەساتی زۆر بەدوای خۆیدا دێنێت، جێگیربوونی ڕێكخراوێكی تیرۆرستی بتوانێت توركیا وەك پشتیوانێكی لۆجستی بەكاربێنێت مەترسیدارە و توانستی ئەوەشی پێدەدات لەسەر سنوری توركیا یاخیتربێت، دەكرێت كەسانی خراپەكار هێرشی چەكداری لەناو توركیا ئەنجام بدەن و شانەی دیكەی نووستووش پلان بۆ هێرشی تیرۆرستی لەناو ئەوروپا دابرێژن.

یاڵا هەروەها دەڵێت: وڵاتەكەی تەواو دڵسۆز نەبوو لە شەڕی دژ بە داعش و هەمیشەش پەیامی دژیەكی ئاراستەی دۆست و دوژمنەكانی كردووە، نزیكەی 8000 بۆ 10000 لە توركەكان وەك چەكداری تیرۆرست چوونە سوریا و عێراقەوە، بە گوێرەی ڕاپرسییەكیش لەمەڕ ئاراستە كۆمەڵایەتییەكان لە ساڵی 2015 لە توركیا ئەنجامدراوە و 1500 كەس بەشداری تێدا كردووە، نزیكەی 9% یان پێیان وایە داعش ڕێكخراوێكی تیرۆرستی نییە و 5% یشیان لاگیری ڕەفتارەكانی داعشن،  لەكاتێكیشدا ئەردۆگان پشت بە ئەندامانی سوپای سوریای ئازاد دەبەستێت، ئەو مەترسییەش لە ئارادایە هاریكاری گریمانەبۆكراو لە نێوان داعش و سوپای سوریای ئازاد بوونی هەیە، ئەوەش شاراوە نییە هەندێك لە چەكداره ‌گەڕاوەكانی داعش چوونە ناو ڕێزەكانی سوپای سوریای ئازادەوە و پلە و پۆستی سەركردایەتیشیان گرتۆتەدەست. بۆ نموونە سەیف ئەبوبەكری سەركردە لە فەصیلی حەمزە لە سوپای سوریای ئازادە، ئەندامێكی پێشووی داعش بووە لە شاری باب، زۆرێك لە چەكدارەكانی داعشیش ئێستا لە ڕیزەكانی ئەو میلیشییایانە كاردەكەن كە لە لایەن توركیاوە پشتیوانیان لێدەكرێت.