وردەكاری هەوڵی ئەمریكا بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لەدژی ئێران

جیهان

14/01/2019‌ 4489 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێران: یاسین نادر
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویكردەوە، كە ئەمریكا پلانی هەیە بۆ ئەوەی گورزێكی سەربازی لەئێران بوەشێنێت، كە ماوەیەكە ناكۆكی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە هەیە.

بەپێی رۆژنامەكە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە مانگی سیپتەمبەری ڕابردوودا لەخواست‌و داواكارییەكی جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی ئەمریكا بۆ دانانی پلانی چەند هێرشێكی سەربازی بۆ ئێران كۆڵیوەتەوەو لەو بارەشەوە ڕەزامەندی دەربڕیوە. 

هەر بەپێی رۆژنامەكە ، ئەو خواستەی ئەمریكا لەبەرانبەر ئەوەوە بووە، كە لەو مانگەدا چەند موشەكێك ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەختی عێراق كراوە، كە موشەكەكان لەنزیك باڵوێزخانەی ئەمریكا كەوتوون‌و بۆ ئەوەش واشنتۆن گروپە چەكدارییەكانی سەر بەتاران تۆمەتبار دەكات.

هەروەها ئەو رووداوە لەبەسرەی باشووری عێراق دووبارە بووەتەوەو لەكاردانەوەدا جۆن بوڵتۆن داوای كاردانەوەی جددی و توندی بۆ ئەو هێرشانە كردووەو رایگەیاندووە، كە دەبێت ئەمریكا بەهێرشی سەربازی وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە.

سەرەڕای ئەوەی رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، كە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، رەزامەندی بۆ داواكەی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی دەربڕیوە، بەڵام دیارنییە كاردانەوە سەربازییەكە بە چ شێوەیەك ئەنجامدەدرێت.

رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا ئاگاداری هەوڵەكە بووە، بەڵام بەپێی بەرپرسانی ئەمریكا، واشنتۆن دڵەراوكێیان لەو بارەوە هەیەو ئەگەری كاردانەوەی ئێرانیان باس كردووە.

لەو بارەشەوە گرێت ماركێز، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا رایگەیاندووە، خواستی راوێژكارەكەیان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیە ، كە ئێران رووبەڕووی ئەمریكای كردووەتەوە، بەتایبەتی لەعێرا.

ماركێز جەختی كردووەتەوە، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، بەئەركی خۆی دەزانێت پارێزگاری لەهێزە ئەمریكییەكان‌و بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن لەعێراق بكات، بۆیە پێشنیازێكی لەو شێوەی كردووە.

هاوكات جۆن بۆڵتۆن بەباشی زانیوە، كە ئەمریكا جگە لەكاردانەوەی سەربازی، كاردانەوەی ئابووری‌و دیبلۆماسی‌و سیاسیش بەرانبەر ئێران بنوێنێت، بەبێ‌ ئەوەی وردەكارییەكەی خرابێتەڕوو.

رۆژنامەكە قسەكانی هەینی رابردووی جۆن بۆڵتۆنی بەنموونە هێناوەتەوە، كە رایگەیاندبوو، لەبەرانبەر خواستەكانی ئێران لەناوچەكەو هەوڵدان بۆ دەستخستنی چەكی ئەتۆمی، كاردانەوەی كردارییان دەبێت.

ئەو رۆژنامەیە، لەدرێژەی راپۆرتەكەی، باسی لەهەڵوێستی پێشتری جۆن بۆڵتۆنیش كردووە، كە لەساڵی 2015 رایگەیاندووە، دەبێت ئەمریكا لەرێگەی كاردانەوەی سەربازی رێگری لەخواستەكانی ئێران لەناوچەكەدا بكات.