سبەینێ لە سلێمانی دژی داگیرکاری سوپای تورکیا ڕێپێوانە

کوردستان

19/01/2019‌ 969 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر سبەینێ دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ڕێپێوان دەکەن. 

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر ڕێپێوانێکی هێمنانە لە شاری سلێمانی لە بەردەم باخی گشتی-یەوە تا سەهۆڵەکە ئەنجام بدەن. 

کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە لێدوانێکی نوسراودا، کە ئێوارەی ئەمڕۆ وێنەیەکیان بۆ شارپرێس ناردووە ڕایانگەیاندوە "لەم باروودۆخەی کە تێیدان لە هەموو لایەکەوە داگیرکاریی لەسەر کوردستان بەردوامە لە لایەن دەوڵەتانی دەرەوە و بە پێشەنگایەتی دەوڵەتی فاشیستی تورک بەڕێوەدەچێت".
 
کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر ئاماژەیان بەوەداوە "لە باکوری کوردستان ڕۆژانە ئینسانە ئازادیخوازەکان دەستبەسەر دەکەن و لە باشووری کوردستان بنکە و بارەگاکانی زیاد دەکات و ڕۆژانە بۆردومانی ناوچە سنوریەکان دەکات، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش دەوڵەتی تورک کوردی ئازادی ناوێ، بۆیە لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە هەمیشە لە هێرش و ئامانجێکی قێزەوندا ویستویەتی دەسکەوتەکانی کورد لەناوببات".

کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر ئەوەشی وتوە "بۆ وەستانەوە دژی داگیرکاریی لەسەر کوردستان و عەفرین، داواکاریمان هەیە لە هەموو گەنجان و ژنان، کە بەشداری لە ڕێپێوانەکان بکەن، ئێمە وەک گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشە لەژێر ناوی هەڵمەتی سەرهەڵدە دەڵێین نەک تەنیا داگیرکاریی، هەتا سێبەری داگیرکەریی لە کوردستان دەگرین و لە ناودەبەین، هەتا دواین هەناسە تێکۆشان دەکەین و بەرخۆدان دەکەین و سەردەکەوین".

هـ ـ ر