لەپێناوی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزدا
لەپێناوی گۆڕانکاری نەوعیدا

قەڵەمی ڕۆژ

02/02/2019‌ 1035 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بە ئەدرەسی ( لێیگەڕێن لە کەناڵی ئێن ناڕتی ، لە خاوەنەکەی مەگەڕێن ) وتارێکی بەڕێز نیاز سعید عەلی لە ئاوێنەدا سەرنجی ڕاکێشام و بڕیاڕم دا شتێکی لەسەر بنووسم . من بەرگری لە شاسوارناکەم . من لەفەیسبووکدا چەندین جار ڕەخنەم لەم پیاوە گرتووە و ئەگەر سبەینێش هەڵەی سیاسی بکات هەر ڕەخنەی لێدەگرم . چونکە سیاسیەکی کەم ئەزموونە و هێندێکیش گومڕایە ، ئەگەر چی ئازا و بوێریشە. ئەمەش بە هەڵوێستێکی ئاسایی دەبینم . بەڵام وتارەکەی کاک نیاز لەم چەشنە نیە ، بەڵکو داپلۆسین و هاندانە دژ بە شاسوار لە ئەلفیەوە هەتا یی . ئەوی بیخوێنێتەوە ڕەنگە بگاتە ئەو ئەنجامە کە شاسوار هۆکاری دروستبوونی ئەم هەموو کێشە و نەهامەتیەیە لە هەرێمدا . 

دەبێ پێشەکی ئەوە بڵێم کەمن هیچ جۆرە پێوەندییەکم لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید نەبووە . یەک جار لەژیاندا بینیومە کەبەر لە چەند مانگێ سەردانێکی کردم ، ئەویش سەردانی تەعاروف و موجامەلە بوو . بەتەلەفۆنیش قسەمان نەکردووە ، ئەگەر چی پێوەندی تەلەفۆنیشمان لەنێودابێ شتێکی ئاساییە . 
ئەگەر عەیبی شاسوار ئەوەبێ کە سەرمایەدارە ودەوڵەمەندە ئەوە عەیبی گەورە روو دەکاتە سەرانی هەردوو حیزبی حکومڕان کە ملیاردێری گەورەن لەسەر ئاستی جیهان و ئەو پارەیەشیان نەبە دروستکردنی خانووبەرەی تیجاری و نەبە چاڤیلاند پەیداکردووە ، بەڵکو بە گەندەڵکاری لە بووجەی هەرێم و سامانی ئەم میللەتە و ئەوە ٢٨ ساڵە لەسەر کورسی دەسەڵات دایانکوتاوە . ئەگەر عەیبی شاسوار ئەوەبێ کە یەکێکە لەسەرمایەدارە گەورەکانی هەرێم ، ئەی چی بەو هەموو سەرکردە و کادرە حیزبیانە دەڵێیت کەبەبێ بازرگانی ، تەنها لەبەر ئەوەی دەسەڵاتیان لەدەستدابوو ، هەموو ئێستە لەڕیزی سەرمایەدارانی هەرێمدان ؟ 
من لە ١٩ ساڵی تەمەنمەوە چوومەتە ناو سیاسەت و حیزبایەتی وەکو چەپخوازێ ، خەوم بە سۆشیالیزمەوە دەبینی . ئێستەش ئەو خەونەم هەرماوە ، دڵنیام کە ئاییندەی کۆمەڵگەی ئادەمیزاد هەر سۆشیالیزمە . بەڵام ئەزموونی ژیان دەریخست کە سۆشیالیزم زۆر لەوە دوورترە کە ئێمە تەسەورمان دەکرد . ئێستە ، لەم قۆناخەدا ، من خەون بە رژێمێکی بۆرژوازی دیموکراتی و کۆمەڵگەیەکی مەدەنیەوە دەبینم لە وێنەی رژێمی سوید و هۆڵەندە وکەنەدا . ئەم خەڵکە تینووی رژێمێکی وەک سەنگافورەن کە رزگاریانکات لە پۆخڵەواتی گەندەڵکاری و قۆرخچێتی دەسەڵات و تەزویری هەڵبژاردن و شێوازی حوکمی خێلەکی و خزمخزمێنە و پاشەکەوتی موچە و نەبوونی کارەبا و بێکاری هەزاران لاوی دەرچووی زانکۆکان و هەزاران بێئیش و هەژار و داماو ... هتد . 
ئەمڕۆ ، کاک نیاز سەعید ! ، ئەوی ژیانی ئەم خەڵکەی تالکردووە کەپیتالیزم نیە ، بەڵکو شێوازی حوکمڕانی ٢٨ ساڵەی قەرەقوشی – ئیستیبدادی – دوو حیزبەکە وەکو دوو خێزانی سەرەک خێڵ یان نیمچە پاشایەتی وڵاتی ئێمە بەڕێوەدەبەن ، من نازانم جەنابت سەربەکام حیزبی یان کام ڕەوتی فکری - سیاسی . بەڵام ئەوە دەزانم کە وتارەکەت لەگەڵ هەست و خواستی ئەم میللەتەدا ناگونجێ ، بەڵکو پڕاوپڕ لە خزمەتی دەسەڵاتداراندایە کە تۆ بەیەک وشەش باسی خراپەکاریەکانیانت نەکردووە لەو وتارەتدا . ئاخر ئەمە بە چ پێوەرێ بە جێیە ؟ وەرە بابەراوردی هەرێم بکەین لەگەڵ بەغدا کە ١٤ ساڵە لەدوای سەدام حکومڕانانی ئیسلامی شیعەی تێدایە ، ئەوان لەگەڵ هەموو خراپەکاریەکانیان هێشتا باشتربوون لەهەرێم ، شتێ لەدەستاودەستی دەسەڵات هەر لەئارادابووە . لەم ١٤ ساڵەدا بەغدا پێنج سەرەکوەزیری بەخۆیەوە بینی کە بریتین لە ئەیاد عەلاوی + ایبراهیم جەعفەری + نوری مالیکی + حەیدەر عەبادی + عادل عەبدولمەهدی ! بۆ ئاگاداری ٨ ساڵی ئەم ١٤ ساڵە مالیکی بردی و هەوڵیشیدا کە ٤ سالیتریش درێژەی پێبدات ، بەڵام عێراقی خستە ژێر مەترسیەکی گەورە کە داعش بەشێکی گەورەی ئەم وڵاتەی داگیرکرد . بەرەی نیشتیمانی شیعەکان دووریان خستەوە و حەیدەر عەبادیان خستە جێگەکەی . حکومڕانانی هەرێمیش ئەوە دوای ٢٨ ساڵ هەر خۆیانن و سروشتی خێڵەکیانەی تێدا تۆختر دەکەنەوە !! وانیە کاک نیاز ؟ 
پاش راپەڕینی ١٩٩١ بۆ ماوەی ١٥-٢٠ ساڵ حکومەتی پارتی و یەکێتی هەبوو بەڵام هیچ ئۆپۆزسیۆنێکی پەرلەمانی نەبوو ، هەتا بەسەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا ، بۆیەکەم جار ، ئۆپۆزسیۆنێکی پەرلەمانی بەهێز لەهەرێمدا لەدایکبوو . دڵی خەڵکی خۆشکرد . بەڵام بەداخەوە پاش چەند ساڵێ ئەویش هەربەرەو پووکانەوە رۆیشت . ئێستە تەنها شاسوار و رێخراوی نەوەی نوێ و یەگرتووی ئیسلامی وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ڕوون و ئاشکرا لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمدا ماون . بەڵام کەرەستەی خاو لەهەرێمدا هەیە بۆ بەهێزکردنی ئۆپۆزسیۆن . بەبۆچوونی من ئەمڕۆ دۆخێکی لەبارە بۆ دروستکردنی رێخراوێکی سیاسی نیشتیمانی دیموکراتی کەئامانجی ستراتیجی گۆڕینی ئەم رژێمە پڕ لەگەندەڵکاری و خراپەبێ ، لەرێگەیەکی ئاشتیانەی دیموکراسیانەوە ، بەرژێمێکی وەکو رژێمی سەنگافورە یان سوید کەدەسەڵاتی یاسای تێدایە و لێپێچینەوە لەسەر گەندەڵکاری و پێشێلکردنی یاسا هەیە و هاوڵاتی ڕێز و نرخی خۆی هەیە . ئەم ڕیخراوە نیمچە بەرەییە دەبێ تاک و گروپ و هێندێ رێخراویش لە ڕیزەکانی خۆیدا کۆبکاتەوە بێ گوێدانە ئەوە کە هەڵگری چ ئایدۆلۆژیەکن ، ئەوی کۆیاندەکاتەوە ئامانجی گۆڕانکاری رژێمی شکستخواردووی ٢٨ ساڵەیە . ئەم رێخراوە توانای دەبێ بزافێکی جەماوەری گەورە دروستکات و خۆی ئامادەبکات بۆ هەڵبژاردنی ئاییندەی هەرێم . ئەگەر لەهەڵبژاردنی یەکەمدا سەرنەکەوێ بۆ وەرگرتنی دەسەڵات ئەوە لانی کەم ئۆپۆزسیۆنێکی پەرلەمانی بەهێز پێکدێنێ .

بەهادین نوری