ژمارە تایبەت‌و جوانەكانی سەر تابلۆی ئۆتۆمبیل لەپارێزگای هەڵەبجە دەفرۆشرێن

کوردستان

14/03/2019‌ 1620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: یاسین نادر
ژمارە تایبەت‌و جوانەكانی سەر تابلۆی ئۆتۆمبیل لەپارێزگای هەڵەبجە لەزیادكردنی ئاشكرادە دەفرۆشرێن‌و داهاتەكەی لەخزمەتگوزاری بەكاردەهێنرێتەوە.

ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، پاش ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان واژووی لەسەر بڕیاری تابڵۆی ئۆتۆمبیل بەناوی پارێزگای هەڵەبجەوە كرد، سەرجەم ژمارە تایبەتەكانی پارێزگای هەڵەبجە لەزیادكردنی ئاشكراو شەفافدا دەفرۆشین‌و بۆ داهات و ئاوەدانی شارەكە بەكاری دێنن.

پارێزگای هەڵەبجە بۆ شارپرێس راشیگەیاند، بەزۆری داهاتی ژمارەكانی هەڵەبجە لەكەرتی تەندروستی و كشتوكاڵ و سێكتەرە خزمەتگوزاییەكانی تری شارەكەدا بەكاردێنین‌و ناكرێت ئەو ژمارانەش تایبەت بەكەس و هیچ ناو و كەسایەتییەك بكرێن، كە بانگەشەی جۆراوجۆر لەبارەیەوە دەكرێت.

ئازاد تۆفیق جەختیشیكردەوە، هەڵەبجە، چونكە لە ئاستێكی نێودەوڵەتیدا ناوبانگێكی جیهانی هەیە، "ئێمەش لەم سۆنگەیەوە هەوڵدەدەین ژمارەكانی هەڵەبجە لەزیادكردنێكدا بە داواكارانی پێشكەش بكەین".

پارێزگاری هەڵەبجە لەبارەی دەستپێكی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی فرمانەكەی حكومەت لەبارەی ژمارەی تابڵۆكانی هەڵەبجە-وە ڕایگەیاند،  پاش پشوەكانی مانگی ئادار هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیاڕەكەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پێدانی تابڵۆكانی هەڵەبجە دەستپێدەكەین.

ئەم وتانەی ئازاد تۆفیق پارێزگای هەڵەبجەش لەكاتێكدا دێت،  ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رۆژی چوار شەممە لە بڕیارێكیدا رێكخستنی تابلۆی تۆماركردنی ئۆتۆمبیل و ئامێر بەناوی پارێزگای هەڵەبجە، هاوشێوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەركرد.