ئەگەر گفتوگۆكان لەگەڵ توركیا ئەنجامی نەبێت ئەمەریكا ژمارەی هێزەكانی لەسوریا زیاددەكات

کوردستان

19/03/2019‌ 3950 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند سەرچاوەیەكی ئەمەریكی بۆ رۆژنامەی "شەرق ئەوسەت"یان دووپاتكردووەتەوە، پێدەچێت ئەمەریكا ژمارەی ئەو هێزانەی لەسوریای دەهێڵێتەوە زیاد بكات، ئەگەر بێت و گفتوگۆكانی لەگەڵ توركیا دەربارەی ناوچەی ئارام پێشكەوتن بە خۆیەوە نەبینێت.

قسەی ئەو سەرچاوانە پاش ئەو بەیاننامەیەی فەرماندەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا جەنراڵ (جۆزیف دانفورد) هات، كە هەواڵێكی (وول ستریت جۆرنالی) ی رەتكردبووەوە دەربارەی مانەوەی (1000) سەربازی ئەمەریكی لە جیاتی (400) سەرباز.

سەرچاوەكان راشیانگەیاندووە، بەیاننامەكەی دانفۆرد بۆ رێكخستنەوەی قسەكانی سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترامپ بووە، بەوەی دووپاتیكردووەتەوە (400) سەربازی ئەمەریكی لەباكووری سوریا و بنكەی تەنەف دەهێڵێتەوە.

هەروەها ئاماژەیان بەوە كردووە، پێدەچێ گفتوگۆكان لەگەڵ توركیا لەو بارەیەوە روەو نیمچە داخرانێك رۆشتبێت، ئەمەش ئەگەری بڕیاری زیادكردنی سەربازەكان زیاتر دەكات و وەڵامدانەوەیەكیشە بۆ ئەو فشارانەی وڵاتانی هاوپەیمان، كە داوای زیادكردنی ئەو ژمارەیەیان كردووە بۆ ئەوەی هێزێكی تەواو لە سوریا بمێنێتەوە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات؛ لە ئێستادا شەڕی دەرپەڕاندنی دوا پاشماوەكانی داعش دەكات لە باغۆز.

هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هەریەك لە فەرەنسا و بەریتانیا مەرجیان زیادكردنی ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا بوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی توركیا جەختی كردووەتەوە، كە دەبێت ناوچە ئارامەكە لە ژێر دەستی ئەنقەرەدا بێت لە باكوری سوریا؛ و تا ئێستاش پلان دادەنێت بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر كوردەكان، و ئاستی تەنسیق كردنی لەگەڵ ئێران و عێراقدا بۆ رووبەرووبونەوەی كوردەكان زیاتر كردوە.

رۆژنامەی (وول ستریت جورناڵ) دوو رۆژ پێش ئێستا باسی ئەوەی كردبوو، گفتوگۆكان لەگەل توركیا و هێزە كوردیەكان دەربارەی ناوچەی ئارام شكستی هێناوە لە باكوری رۆژهەڵاتی توركیا، بۆیە واشنتۆن بڕیاریداوە هاریكاری كردنی لەگەڵ جەنگاوەرە كوردەكاندا لە سوریا درێژە پێبدات.

وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا