چـوار سـوپـرایـزەكـەی لـوتـكـەی عـەرەبـی لـەوڵاتـی تـونـس

عیراق

02/04/2019‌ 1735 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:  
لوتكەی عەرەبی لەتونس لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی  سەرۆكی میسرو شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەمیری قەتەرو مەلیك سەلمان بن عەبدول عەزیز پاشای سعودییە چوار سوپرایزی تێدا بوو .

دەزگاكانی راگەیاندن باسیان لەوە كردووە، كە سوپرایزی یەكەم لەلایەن عەبدولفەتاح سیسییەوە بووە ئەویش بەهۆی ئەوەی پێشتر و لە ٣٠ مارس رایگەیاندبوو، بەشداری كارەكانی ٣٠یەمین لوتكەی عەرەبی لەتونس ناكات .

پێش دەستپیكردنی لوتكەكە نورەددین بن تیشە ڕاوێژكاری سیاسی سەرۆكی تونس رایگەیاند "سیسی داوای لێبووردنی كردووە، كە بەهۆی هەندێك كاروباری تایبەتی خۆی و برایانی میسری ناتوانێت بەشداری لوتكەی عەرەبی ببێت ، ئامادەنەبوونی هیچ پەیوەندی بەتونسەوە نییە".

بەڵام عەبدولفەتاح سیسی بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە گەیشتە پایتەختی تونس بۆ ئامادەبوون لەلوتكەی عەرەبی‌و تێشیدا وتاری میسری خوێندەوە .

سوپرایزی دووەم پەیوەستە بەئەگەری ئامادەبوونی ئەمیری قەتەر، كە گومان هەبوو ئایا ئەمیری قەتەر بەشداری لە ٣٠یەمین لوتكەی عەرەبی لەتونس دەكات، یان نا ، كە ساڵی رابردوو لەژێر سایەی بەردەوامی قەیرانی كەنداو لەلوتكەی ساڵی ٢٠١٨ لە زەهرانی سعوودییە ئامادە نەبوو، بەڵام تەمیم بەسەرۆكایەتی شاندی وڵاتەكەی بەشداری لە لوتكەكەدا كرد .

پاڵەوانی سوپرایزی سێیەم هەر ئەمیری قەتەر بوو ، ئەویش كاتێك لەناكاو و بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو پێش پێشكەشكردنی وتاری قەتەرو لەكاتی پێسكەشكردنی وتاری ئەحمەد ئەبو ئەلغەیز  ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی لە لوتكەكە كشایەوە ، ئەوەش دوای ئەوەی هەریەك لە پاشای سعوودییە و سەرۆكی تونس وتاری خۆیان پێشكەش كرد .

هەرچی سوپرایزی چوارەمە بریتی بوو لەكشانەوەی مەلیك سەلمانی پاشای سعودییە دوای ٣٠ خولەك لە پاشەكشەی ئەمیری قەتەر ، ئەویش  لە هۆڵی دانیشتنی كردنەوەی لوتكەكە كشایەوە.
 
مەلیك سەلمان، كە دوای وتاری ئەنتۆنیۆ گۆتیریش ئەمینداری گاشتی نەتەوە یەكگرتووەكان یەكەم كەس بوو وتاری پێشكەش كرد ، بە هاوڕێیەتی ٣ كەس بەرەو فرۆكەخانە بەڕێكەوت و گەرایەوە بۆ سعودییە .

دوینێش كارەكانی ٣٠یەمین لوتكەی عەرەبی لە تونس كۆتایی هات، كە سەرۆكایەتییەكەی لە مەلیك سەلمان بن عەبدول عەزیز پاشای سعوودییەوە رادەستی قائید سبسی سەرۆكی تونس كرا .

خشتەی كارەكانی لوتكەی عەرەبی لە تونس ٣٠ پڕۆژە و دۆسیەی لەخۆ دەگرت ، دیارترینیان داننانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا بە سەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەكانی جۆلاندا ئەوە سەرەرای ئەوەی سوریا خۆی ئامادەی لوتكەكە نەبوو ، هەروەك دۆزی فەلەستین و رەوشی لیبیا و یەمەن و یارمەتیدانی پەرەپێدان لە سودان و دەستتێوەردانەكانی ئێران لەكاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی دیارترین دۆسیەكانی ئەو لوتكەیە بوون .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی