كەوتنی دیكتاتۆرەكان.. شەپۆلی دووەمی شۆڕشە عەرەبییەكان

جیهان

11/04/2019‌ 1695 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین ئەوەی ‌ لەو ئانوساتەدا لە لیبیا و جەزائیر و سودان ڕوودەدات لە بزاوتی جەماوەری شەقام و ئارەزووی بە كۆمەڵ بۆ گۆڕانكاری سیاسی، واتای ئەوەیە لەبەردەم دیمەنی دووەمی شۆرشە عەربییەكانداین، كە دیمەنی یەكەمی لە ساڵی 2011 دەستیپێكرد.

جیاوازی نێوان دوو شەپۆلەكە،‌ خەمساری عەرەبەكانە لە پێشوازیكردنێكی گوماناوی و ساردوسڕ لە شەپۆلی دووەم، كە چۆن هەستی خەڵك بزانین لە كاتێكدا ڕاپرسییەكمان لەو بارەوە نەكردووە، شەقامەكانی جەزائیریش پڕبوون بە سەدەها هەزار لە جەماوەری ناڕازی، هەروەها لە شەقامەكانی خەرتومیش هەمان تاس و حەمامە؟ 

سەرباری ئەو حەزە زۆرە بۆ گۆڕانكاری، كەچی جیاوازییەكی گەورە و فراوان هەیە لە نێوان سەرەتای ساڵی 2011 و ئەوەی ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان دەیبینین. گۆمانێك هەیە كە ڕۆشنبیران بە ڕاشكاوی دەریدەبڕن سەبارەت بەو بزاته جەماوەرییە و پاڵنەرەكەی، سەرباری ڕق و كینە لە بەرامبەر ڕژێمە ستەمكارەكان، كەچی هەستێكی دڵەراوكێ و پشێوی هەست پێدەكرێت، كێ گەرەنتی ئەوەی هەیە كۆتایی ئەو دەوڵەتانەش وەك سوریا نابێت كە ڕژێم مایە و ووڵاتیش وێران بوو؟ یاخود وەك یەمەن نابێت كە شۆڕشەكەی دزرا؟ یاخود وەك دەوڵەتانی میسر و تونس كە سەرباری تیپەڕاندنی قۆناغە سەخت و دژوارەكان دۆخەكەیان تێدا جێگیرە، لەوانە بوو ئەو گۆڕانكارییانە تیایاندا ڕووی دابایه،‌ بێ ئەوەی پێویستمان بەو ژانگرتنە توندە هەبایە؟

بێگومان دڵگەرمی بۆ ئەو جۆرە ڕووداوانە لە ناوچەكەدا كزبووە، چونكە ئەنجامەكانی بەهاری عەرەبی بوونەتە مۆتەكە و خەونێكی ناخۆش، هەتا كێشمەكێشمەكەی شەقامی سودانیش كە بەرەبەرە گەورە دەبێت و نیشانەی پەنخواردنەوەیەكی دوور و درێژە، جەماوەری ناڕازی جگە لە گۆڕینی ڕژێمه ‌ستەمكارەكە هیچی دیكەیان داوا نەكردووە، بەڵام جێگرەوەیەكی باشترمان نەبینی. سادق مەهدی گەورە ئۆپۆزسیۆنیش جێگەی رق و توڕەیی جەماوەرە و وێنای پیرۆزی ئاینی و خێزانی دەكات.

لە لیبیاش گۆڕانكارییەكە لەسەرەوە بۆ خوار دەستیپێكردووە، لە سوپای نیشتمانییەوە كە بڕیاریدا میلیشاكان هاوبەشی دەسەڵات نەبن، خۆشی خستۆتە مەترسییەوە بە بەرەنگاربوونەوەی هێزە ناوخۆیی و هەرێمی نێودەوڵەتییەكانەوە. ڕاپەڕینێكی چەكدارییە نەوەك ئاشتییانە، بەڵام كاریگەرییەكی گەورەی هەیە، لەوانەشە ڕژێمێكی تاكگەرایی خراپی لێ بكەوێتەوە هەروەك نەیارەكانی دەڵین، بەڵام دەربازبوون لە میراتی شۆڕشەكەی ساڵی 2011  داوكاری جەماوەری سەرشەقامە، چونكە لیبیای پارچەپارچە كرد و ئێستاش ژیانی خەڵكی خستۆتە مەترسییەوە. ئەمەش پێچەوانەی سودانە كە جەماوەر دژ بە ئەمری واقعە تاقەتپروكێنەكە هاتونە مەیدان، بەڵام لە لیبیا شۆڕشێك دژ بە شۆڕشێكی دیكە بەرپا دەكرێت بە مەبەستی لەناوبردنی شۆڕشی یەكەم.

لە یەمەن شەڕێك دژ بە هەڵگەڕانەوە سەربازییەكی حوسییەكان و سەرۆكە لە كارلابراوەكەی پێشووی ئەو كات بەڕێوە دەچێت، جەنگ لە پێناو سەپاندنی شەرعییەت كە شۆڕشی یەمەنییەكان لە ساڵی 2011 هێنایەكایەوە و خۆدەربازكردنیش لەوانەی سامانی ئەو ووڵاتەیان دزی لە حوسییەكان و یاخیبوانی دژ بە ڕژێمەكەی پێشوو.

ئەوەی لە جەزائیریش دەگوزەرێت وەك كردەیەكی پێشدەستی وایە بۆ شۆڕشێكی جەماوەری گەورە، لەژێر سایە و سێبەری سوپادا شەقام و گۆڕەپانەكان بۆ جەماوەر واڵاكراون، بە نزیكەی وەك شۆرشەكەی یەنایەری میسری ساڵی 2011 وایە لە قاهیرە كە گۆرەپانی تەحریر و شەقامەكانی دەوروبەری پڕكردبوون و سوپاس بە چڕی لەوێ بڵاوببونەوە و دەیپاراستن، ئەمەش دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەكان لە شەقام بوونیان نەما. دامەزراوە سەربازییەكەی جەزائیر پێش جەماوەر كەوتن و داواكاری گۆڕانكاریشیان بەرز كردەوە، ئەمەش پاشەكشەی بە بۆتفلێقەی سەرۆك كرد كە بۆ جارێكی دیكە خۆی هەڵنەبژێرێتەوە و دەست لەكار بكێشێتەوە، ‌ خۆڕزگاركردنیش لە زۆرینەی سەركردەكانی سەر بە سەرۆك؛ یان بە لابردن یان بە دەستگیركردن. هێشتاش ئەو شۆڕشە جەماوەرییە سەربازییە لە ئامادەباشی گۆڕانكارییە داواكراوەكان دایە.

وڵاتەكانی لیبیا و جەزائیر و سودان بەرجەستەی شەپۆلێكی تازە دەكەن، بەڵام بەرجەستەی ڕوح و كەشوهەوای بەهاری عەرەبی ناكەن ، هەتا ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەش كە پێشوازی لە شۆڕش و گۆڕانكاری و بەهارەكان دەكەن، جگە لە چەند بەیاننامەیەكی هۆشداری‌ و بانگهێشتێكی ئاشتییانە ، دەنا لە بەرامبەر  ئەو شەپۆلەدا بێدەنگن. 
 
سەرچاوە: موستەفبەل 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر