ئەنجوومەنە سەربازییەكەی سودان ئامادەیە دەسەڵات ڕادەست بكات

جیهان

22/04/2019‌ 1001 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدولفەتاح بورهانی سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی ڕاگوزەری سودانی رایگەیاند، ئەنجوومەنەكەیان ئامادەی ڕادەستكردنی دەسەڵاتە،‌ ئەگەر هێزە سیاسییەكان بەو كارە ڕازیبن‌و حكومەتێكی لەسەر سازاو پێشكەش بكەن.

ئەو لێدوانەی بوڕهان پێش ئەوە بوو كە "هێزەكانی‌ ئازادی و گۆڕان"  پێكهاتەی ئەنجومەنێكی مەدەنی ڕابگەیەنێت، تاوەكو ببێتە جێگرەوەی ئەنجومەنی سەربازی ئێستا كە لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێكی ماناوەندە كە ڕێخۆشكەر بێت بۆ قۆناغێكی ڕاگوزەری بێ كێشە.

بورهان لە لێدوانێكیدا بۆ تەلەفزیۆنی سودانی رایگەیاند، "پێمان وایە ماوەی دووساڵ باشترین بژاردەی گونجاوە بۆ ئەو ماوە ڕاگوزەرییەی دەسەڵاتی تێدا ڕادەست دەكرێت، بەڵام بەو مەرجەی هێزە سیاسییەكانی پێی ڕازیبن و حكومەتێكی لەسەرسازاو پێشكەش بكەن كە بتوانین بەیانی دەسەڵاتیان ڕادەست بكەین".

بورهان ئەوەشی راگەیاند "تا ئێستا هێیچ ناوێكمان لە هێزە سیاسییەكانەوە پێنەگەیشتووە، هەتا لە هێزەكانی ئازادی گۆڕانیشەوە هیچ ناوێك نەخراوەتە بەردەممان، دەمانەوێت حكومەتی ئایندە تەكنۆكڕات بێت، داڕشتنەوەی پەیكەربەندی دەوڵەتیش پێویستی بەكاتێكی زۆر هەیە، چونكە گەندەڵی ڕۆچۆتە ناخی وەزارەت و دامەزراوەكانەوە و زەفەری پێبردوون".

ناوبراو وتیشی "ئەنجومەنی سەربازی چاوی لە دەسەڵات نەبڕیوە.. دەمانەوێت حكومەتێكی تەكنۆقڕات سەرپەرشتی ماوەی ڕاگوزەری بكات كە زۆر گرنگە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا، تاوەكو ژینگەی ڕاگوزەرییەكە بۆ هەمووان ڕەخسا و لەبار بێت، ڕۆڵی ئەنجو‌مەنەكەشمان تەواوكەری ڕاپەڕین و شۆڕشە، ئەنجومەنەكەشمان دژی كەس نییە و بگرە تەواوكەری ڕۆڵی ئەوانی دیكەیە".

سەرباری ئەو دڵنەواییانەی ئەنجومەنی سەربازی ڕاگوزەری پێشكەش بە سەركردە جەماوەرییەكانی كردووە لە هێزە سیاسی و سەندیكاییەكان، كەچی هێشتا جۆرێك لە بەدگومانی هەیە بەرامبەر ئەو ئەنجومەنە، چونكە خاوەن پێشینەیەكی سەربازین، چەند كەسێكی تێدان كە لەسەر ڕژیمەكەی پێشووی بەشیر هەژمار دەكرێن وەك عومەر زینلعابدینی سەرۆكی لیژنەی سیاسی ئەنجومەنەكە و جەلالەدین شێخی بەڕێوەبەری ئاسایش و تەیب بابەكری ئەندامی ئەنجومەنەكە. 

لە دوای ناڕەزاییە جەماوەرییەكانی سودان، سوپای ئەو وولاتە لە 11 ی ئیپڕیلی ئەم ساڵ عومەر بەشیری لەسەر حوكم لادا و ئەنجومەنێكی ڕاگوزەری سەربازی پێكهێنا بۆ ماوەی دووساڵ، بەڵام عەوەز بن عەوفی سەرۆكی ئەنجومەنەكە لە دەرئەنجامی ناڕەزاییە جەماوەرییەكان دوای ڕۆژێك دەستلەكاركێشانەوەی خۆی ڕادەستكرد، بەمەش عەبدولفەتاح بورهان شوینی گرتەوە.

لەم دوایانەشدا هێزە سیاسییەكان لەناو خۆیاندا دابەشبوون و ناكۆكن، هاوپەیمانی هێزەكانی ئازادی و گۆڕانیش بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە هەڵگری میتۆدێكی لاتەریك كردنی هێزەكانی دیكەن، تا ئێستاش ئەو هاوپەیمانییە بۆ هۆی پەرتبوونی ڕیزەكانییەوە نەیتوانیووە ئەنجومەنە مەدەنییەكە پێكبێنێت بەهۆی ناكۆكیان لەسەر ناوەكان، بۆیە لە هەوڵدایە لایەنە ناكۆكەكان لێكنزیك بكاتەوە.

سەبارەت بەو پارەوپولانەی لە بارەگای عەمەر بەشیری سەرۆكی پێشووی سودان دۆزراونەوە و گوژمەكەیان 7 ملیۆن و 350 هەزار دۆلارە، بوڕهان گووتی "ئەو پارانە لە بانكی مەركەزی سودان دانراون. ئاماژەی بەوەش كرد كە بەم نزیكانە شاندێكی سودانی سەردانی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكات بۆ تاوتوێكردنی پرسی دەرهێنانی ناوی ووڵاتەكەیان لە لیستی ئەو دەوڵەتانەی داڵدەی تیرۆر دەدەن، پێشی وایە بەم زووانە ئەو بابەتە چارەسەر دەبێت".

ئەمریكاش ڕایگەیاندووە كە "تاوەكو سەركردە و سیاسییەكانی دەوڵەتی سودان نەگۆڕێن، ئەوان سودان لە لیستی دەوڵەتانی داڵدەدەری تیرۆر دەرناهێنن". جێی باسی سودان لە ساڵی 1993 وە خراوەتە ئەو لیستەوە، بەمەش دوورخرایەوە لە بازاڕە داراییەكان كە فشارێكی زۆری خستەسەر ئابووری نیشتمانی ئەو ووڵاتە.

سعودیە و ئیماڕاتیش لە هەنگاوێكی ئەرێنیدا ڕایانگەیاند كە بڕێك یارمەتی دارایی بە بەهای 3 ملیار دۆلار پێشكەشی خەرتوم دەكەن. هەردوو ئاژانسی هەواڵی سعودیە و ئیماڕاتیش ڕایانگەیاند كە هەردوو ووڵات بڕی 500 ملیۆن دۆلار لەو پارەیە لە بانكی مەركەزی سودان دادەنێن، پارەكەی دیكەش لەسەر شێوەی خۆراك و داودەرمان و بەرهەمە نەوتییەكان ڕەوانەی سودان‌ دەكەن.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر