هەڵگەراوە لەناو پارتی دەسەڵاتداردا.. داودئۆغڵو تەحەدای ئەردۆغان دەكات

جیهان

26/04/2019‌ 3719 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "ئۆراسیا دەیلی" لەژێر ئەو ناونیشانەی سەرەوە بابەتێكی نووسیوە لەسەر دەركەوتنی ئاسۆی لێكترازان لەناو ڕیزەكانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداردا .

بەپێی رۆژنامەكە، ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆك وەزیری پیشووی توركیا و كەسی نزیكی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا زۆر بەتوندی رەخنەی لە سیاسەتەكانی ئێستای پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار گرت ، ئەوەش یەكەم لێدوانی ئاشكرایەتی لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی لەساڵی ٢٠١٦ .

داودئۆغڵو رەخنەشی لە سیاسەتە ئابوورییەكانی حكوومەت و ئەو كۆتوبەندانەش گرت كە خستوویەتییە سەر  كاری میدیا و رۆژنامەگەری ، گوتیشی كە سیاسەتەكانی حزبی دەسەڵاتدار زیانی بە پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان لو كۆماری توركیا گەیاندووە.

لەهەمان كاتدا ، داود ئۆغڵو داوای لە سەركردەكانی پارتی داد و گەشەپێدان كرد بەشێوەیەكی عەقڵانی و لەسەرخۆ هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەكان و تێروانینی حزب بۆ ئایندەی وڵات بكەن .

پیشتر راپۆرتە هەواڵییەكان لە میدیای توركیدا باسیان لە پلانی ئەحمەد داود ئۆغڵو و عەبدوڵلا گولی سەرۆكی پێشووی توركیا كرد بۆ درووستكردنی پارتێكی نوێ و تەحەددا كردنی ئەردۆغان ، بەڵام هێشتا ئەو دوو بەرپرسە گەورەی پیشووی توركیا هیچ هەنگاوێكی كردارییان نەناوە .

بەپێی هەندێك شارەزای تورك ئەحمەد داود ئۆغڵو  چاوەرێی شكستی لێدەكرێت ، بەپێی قسەی عەلی ئۆزهان شیكەرەوە لە دامەزراوەی توێژینەوەی سیاسەتی ئابووری توركیا لە ئەنقەرە بێت داودئۆغڵو هیچ كاریگەرییەكی لەسەر حزب یان لایەنگرانی حزبی دەسەلاتدار نییە تاوەكو تەحەددای ئەردۆغانی پێبكات .

داود ئۆغڵو رووبەرووی ڕێبەرێك دەبێتەوە كە نەیارە بەهێزەكانی بەزاند و هەوڵی كودەتای شكستپێهێنا ، پێشتر ئەردۆغان ئەندامانی پارتەكەی لە ئاكامی "خیانەت'كردن ئاگادار كردبۆوە ، ئەردۆگان لەپێشتردا بەهیچ جۆرێك هیچ جۆرە نیشانەیەكی بوونی نەیارێتی لەناو حزبەكەی قبووڵ نەكردووە ، ئێستاش  دەزگاكانی راگەیاندنی سەر بە حكوومەتی توركیا هیچ شتێكیان دەربارەی ئەو تیبینییە دەستنووسەی داودئۆغڵو  بڵاو نەكردۆتەوە كە میدیای رۆژئاوا باسیان كرد ، ئەوەش نیشانەیەكی روونە لەسەر ئەوەی كە سەرۆك وەزیری پێشووتر و "هەڵگەراوەی ئێستا " بەم نزیكانە لەلایەن هاوڕێكانی حزبییەوە رێوشوێنی تەنبێكردنی لەدژ دەگیرێتە بەر .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی