دوو پزیشكی بەریتانی ناو داعش هاوشێوەی نازییەكان تاوانیان كردووە

جیهان

28/04/2019‌ 4815 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوو كارمەندی پێشووی ڕێكخراوی تەندروستی بەریتانیا، كە پزیشك و دەرمانسازێك بوون، سەرۆكایەتی تیمێكی 10 كەسییان بۆ ئەشكەنجەدان و تاقیكردنەوە و پشكنین لە سەر ئەسیرو بەندییەكانی ڕێكخراوی داعش لەو ناوچانەی، كە لەژێر كۆنترۆڵی ئەواندا بووە لە سوریا كردووە.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی میرۆری بەریتانی، ئەو دوو كارمەندی پێشووی دامەزراوەی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا هەندێك كاری ترسناك‌و مەترسیداریان لەسەر ئەسیرو بەندییەكانی لای داعش كردووە، ئەوەش هاوشێوەی نازییەكانی ئەڵمانیا.

هەر بەپێی رۆژنامەكە، كە لەزاری ڕاگەیاندنی ناوەندە هەواڵگرییەكانی وڵاتی بەریتانیاوە زانیارییەكانی دەستكەوتووە، پزیشكێكی پێشووی دامەزراوەی تەندروستی ئەو وڵاتە بەناوی "عصام ابو عنزە"، كە تەمەنی 40 ساڵە و لەساڵی 2014دا ماڵ و منداڵ و هاوسەرەكەی جێهێشتووە لە نێو ڕێكخراوی داعشدا ئەركی وەزیری تەندروستی داعش-ی پێسپێراوە.

هەروەها كەسێكی تریش بەناوی "محمد انور میا"، كە پیشەی دەرمانسازە و بانگەشەی كاری مرۆڤدۆستانەی لەسوریا كردبوو، تۆمەتبارە بەجێبەجێكردنی تاقیكردنەوەی كیمیایی مەترسیدار بەشێوازی نازییە ئەڵمانییەكان لەسەر ئەسیر و بەندییەكانی ژێر دەستی داعش.

شاهیدحاڵەكانی كارەكانی "ئەبو عەنزە" دەڵێن، ئەو موحەمەد ئەنوەر میاهی دەرمانسازی شاری بیرمێنگامی بەریتانیای لای خۆی دامەزراندووە تا لە دەركردنی ئەندمانی جەستەی ئەسیرو بەندییەكانی داعش هاوكاری بێت.

ئەوان كار و كردەوە بێڕەحمانەكانی ئەویان وا گێڕاوەتەوە، كە ئەو ئەندامانی جەستەی بەندكراوەكان بۆ جەستەی بریندارەكانی داعش بەكارهێناوە، یان لەبازاڕی ڕەشدا ئەندامانی جەستەیان هەڕاج دەكرد و دەفرۆشتەوە.

هەر بەپێی شاهیدەكان، داعشەكان لە كارێكی قێزەوەن و ناشیرینیاندا، پاشماوەی جەستەی بەندكراوەكانیان، كە بەكەڵكی فرۆشتن، یان مامەڵە كردن نەدەهات، دەخستە نێو ژووری بەندكراوانی ترەوە، تائەشكەنجەی دەروونییان بدەن.

 ڕاپۆرتەكە هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات، تیمێكی پزیشكی 10 كەسی، كە "میا و ئەبو عەنزە" سەرپەرەشتییان دەكرد، تۆمەتبارن بەتاقیكردنەوەی كیمیایی لەسەر بەندكراوانی زیندووی ژێر دەستی داعش كراون، كە لەنێوان ساڵانی 2014 تا 2017 دەستگیركرابوون.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، كە هەڵسوكوتێك بیرەوەری ئەشكەنجەدانی نامرۆڤانەی سوپای هیتلەر نازی لە جەنگی جیهانی دووەمدا بەبیری هەموان دێنێتەوە

وەرگێڕان: یاسین نادر