بزانە كامیان بەهێزترن؟
بەراوردێك لەنێوان سوپای ئەمەریكاو روسیا

جیهان

30/04/2019‌ 2597 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەردەوام وڵاتە زلهێزەكان بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لەجیهاندا قایم بكەن هەوڵ دەدەن تواناو لێهاتووی سوپاكەیان بەهێزتر بكەن، لێرەدا بەراوردێكی نێوان توانای دوو بەهێزترین سوپای جیهان دەكەن، كە ئەویش سوپای ئەمەریكا و سوپای روسیای فیدڕاڵە ، لەوەشدا پشت دەبەستین بەكۆمەڵێك پێوەری وەك ژمارەی سەرباز، كە لەگەڵ هێزی یەدەگ و هێزی ئاسمانی و دەریایی و ژمارەی ئەو فرۆكەخانانەی شیاوی بەكارهێننان ، ئەوەش بەگوێرەی پێگەی "گلۆباڵ فایەر پاوەر"، كە تایبەتە بەچاودێریكردنی توانا سەربازییەكانی وڵاتان .

سوپای ئەمەریكا پلەی یەكەمی هەیە وەك بەهێزترین سوپای جیهان، كە بەدوای ئەودا سوپای روسیا دێت ، هەردوو سوپا هێزێكی ئاسمانی لێدەر و جبەخانەیەكی زەبەلاحی چەكی ناوەكییان هەیە.

سوپای ئەمەریكا 
ژمارەی دانیشتووانی ئەمەریكا دەگاتە ٣٢٩ ملیۆن كەس ، لەو نێوەندەدا ١٤٤ ملیۆنی هێزی مرۆیی بەردەستە، لەكاتێكدا ژمارەی سوپای ئەمەریكا دەگاتە ٢،١٤١ ملیۆن سەرباز ، كە لەو ژمارەیە ٨٦٠ یان هێزی یەدەگن.

لەڕووی توانای هێزی ئاسمانییەوە ئەمەریكا خاوەنی ١٣٣٩٨ فرۆكەی جەنگییە، كە ٢٣٦٢ یان شەڕكەر ، ٢٨٣١ یان هێرشبەر، زیاتر لە ١١٥٣ فرۆكەی گواستنەوەی سەربازی، سەرباری ٢٨٥٣ فرۆكەی راهێنان و ٥٧٦٠ فرۆكەی هیلیكۆپتەر، كە ٩٧١یان هێلیكۆپتەری هێرشبەرن .

وڵاتە یەكگرتووەكان گەلێك فرۆكەخانەی هەیە، كە شیاون بۆ بەكارهێنان ژمارەیان دەگاتە ١٣٥١٣ فرۆكەخانە ، لەو رووەوە لەپێش روسیاوەیە، كە خاوەنی ١٢٠٠ فرۆكەخانەیە.

سوپای ئەمەریكا خاوەنی زیاتر لە ٦٢٨٧ تانك و ٣٩٢٢٣ زرێپۆش و ٩٩٢ تۆپی ئۆتۆماتیكی و زیاتر لە ٨٦٤ تۆپی مەیدانی ، سەرباری ١٠٥٦ مووشەكهاوێژ ( ڕاجیمە).

لەرووی هێزی دەریاییەوە كەشتیگەلی ئەمەریكا لە ٤١٥ پارچەی دەریایی پیكدێت، كە ٢٤ یان كەشتی فرۆكەهەڵگر ، ٢٢ فرقاتە ، ٦٨ وێرانكەر ، ٦٨ ژێردەریایی ، ئەوە جگە لە ١١ هەڵگرەوەی مینی دەریایی.

لەسەر ئاستی توانای ناوەكی هەردوو وڵات خاوەن ژمارەیەكی زۆری جەكی ناوەكین ، كە لەوڕووەوە روسیا لەپێش وڵاتە یەكگرتووەكانەوەیە بەجۆرێك خاوەنی نزیكەی ٤٣٠٠ كڵاوەی ناوەكییە، لەبەرانبەردا وڵاتە یەكگرتووەكان خاوەنی ٤٠٠٠ كلاوەی ناوەكییە ، ئەوەش بەپێی پێگەی Atomic Scientists Nuclear Notebook.

لەكۆی ١٥٠٠٠ كڵاوەی ناوەكی لەسەرانسەری جیهان ، روسیا و ئەمەریكا بەتەنیا خاوەنی زیاتر لە ٩٣٠٠ كڵاوەی ناوەكین .

بودجەی سەربازی ئەمەریكا دەگاتە ٧١٦ ملیار دۆلار ، بەڵام بودجەی هاوتا روسییەكەی دەگاتە ٤٤ ملیار دۆلار، كە ئەوە جیاوازییەكی زۆرە .

سوپای روسیای فیدڕاڵ
ژمارەی دانیشتووانی روسیای فیدراڵ ١٤٢ ملیۆن كەسە ، كە ٦٩ ملیۆنیان هێزی مرۆیی بەردەستن ،  ژمارەی سەربازانی سوپای روسی لەخزمەتدا دەگاتە ٣،٥٨٦ ملیۆن سەرباز ، ئەوە سەرباری ٢،٥ ملیۆن سەربازی یەدەگ .

سوپای روسیا زاوەنی زیاتر لە ٤٠٠٠ فرۆكەی سەربازییە ، كە ٨٦٩ یان شەڕكەرن ، ١٤٥٩ فرۆكەی هێرشبەر ، لێرەدا جیاوازییەكی گەورە لەنێوان توانای ئەو دوو وڵاتە دەردەكەوێت لەبەرژەوەندی سوپای ئەمەریكا ، ئەوە جگە لەوەی سوپای روسیا خاوەنی ١٤٨٥ هێلیكۆپتەری سەربازییە ، كە ٥١٤ یان هێرشبەرن . 

لەسەر ئاستی تانك و زرێپۆش ، روسیا خاوەنی ٢١٩٣٢ تانكە ، كە لەم رووەوە بەجیاوازییەكی زۆر لەپێش سوپای ئەمەریكاوەیە ، هەروەك روسیا خاوەنی زیاتر لە ٥٠ هەزار زرێپۆشە ، لێرەشدا روسیا لەپێش سوپای ئەمەریكاوەیە ، ئەوەی پەیوەندی بەژمارەی تۆپەوە هەیە ، روسیا ٦ هەزار تۆپی ئۆتۆماتیكی و ٤٥٠٠ تۆپی مەیدانی  و ٣٨٠٠ مووشەكهاوێژی هەیە، لێرەشدا بالادەستی سوپای روسیا بەڕوونی دەردەكەوێت .

هەرچی پەیوەستە بەتوانای هێزی دەریاییەوە هەیە كەشتیگەلی روسیا لە ٣٥٢ پارچەی دەریایی پێكدێت ، كە یەك دانەیان كەشتی فرۆكەهەڵگرە ، لەگەڵ ٥٦ ژێردەریایی ، ١٣ فرقاتە ، ٤٧ هەڵگرەوەی مین ، لێرەوە دەردەكەوێت هیزی دەریایی ئەمەریكا زۆر لە هێزی دەریایی روسیا بەهێزترە .

وەرگێران:  ئاكۆ  عەبدوڵلا ئاڵی