ململانێ‌ ناوخۆییەكانی یەكێتی هێندە زۆرە كاندیدی پۆستەكانیان پێ یەكلانەكرێتەوە

کوردستان

16/05/2019‌ 2436 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەهۆی ئەوەی خواست‌و داواكاری زۆرە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان لەكابینەی نوێ‌ لەلایەن بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی، تائێستا هیچ میكانیزمێك دیارینەكراوە بۆ هەڵبژاردنی كاندیدەكان.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو خواست‌و داواكارییانەی بەرپرسانی یەكێتی بۆ پۆستەكان هەیانە، ململانێ ناوخۆییەكانی یەكێتی زۆر زیاد كردووە، ئەوەش بووەتە رێگری لەبەردەم دیاریكردنی كاندیدەكان بۆ پۆستە باڵاو وەزارییەكان.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كۆتا هەوڵی یەكێتی بۆ دیاریكردنی میكانیزمی هەڵبژاردنی كاندیدەكان، كۆبوونەوەی رۆژی سێ‌ شەممەی مەكتەبی سیاسی بووە، بەڵام بەهۆی ململانێكان، نەتوانراوە لەو كۆبوونەوەیە هیچ بڕیارێك بدرێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، بڕیاربووە رۆژی چوار شەممە كۆبوونەوە بكرێت، بەڵام بەهۆی نەگەیشتنە ئەنجامێك‌و دیاریكردنی بەرنامەی كاری كۆبوونەوە، كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە.

یەكێتی لەكابینەی نوێ‌، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرانی سەرۆكی حكومەت‌و هەرێم‌و شەش وەزارەت‌و چەند بریكارێكی وەزیرو نوێنەرایەتی‌و بەرێوەبەرایەتی بەردەكەوێت، كە دەبێت بەم نزیكانە كاندیدی پۆستەكان یەكلابكاتەوە.

هـ ـ ح